هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی جەلال ئەمینی تەمەن ٤١ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، لە جادەی میراوا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ئۆتۆمبێلەکەی جەلال ئەمینیان ڕاگرتووە و بێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەریان کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان “ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم دوای دەستبەسەرکردنی جەلال ئەمینی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و پشکنیویانە.”
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵ جەلال ئەمینی لە بەر دەستدا نییە.جێگای ئاماژەیە کە جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری بەندکراوی سیاسی پێشووە کە خۆشی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
