فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگکرانی دایکی ڕێزان جاوید بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ
چوارشەممە ۲۶-۰۵-۱۴۰۱   |  17-08-2022

دایە فاتمە سوهرابی تەمەن ٧٣ ساڵ دایکی ڕێزان جاوید ئەندامی سەرکردایەتی پژاک کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە هێرشێک بە هاوکاری سپای پاسدارانی رژیمی ئیسلامی و سپای  تورکیە تیرۆر کرا، بانگی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەی لێکراوە.


هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی دووشەممەوە هەر جۆرە هاتووچۆیەکیان بۆ ماڵی دایە فاتمە سوهرابی قەدەغە کردووە و ڕۆژی یەکشەممەش ناوبراو لەگەڵ یەکێک لە کوڕەکانی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەیان لێکراوە.


ئەم دایکە بەساڵاچووە چەندین جاریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگ کراوە و دوای ئەوەی سەرپێچی کردووە و نەچووە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد داوایان لە دایە فاتمە کردووە کە بڵێ پارتی کرێکارانی کوردستان کوڕەکەمی کوشتووە و دژ بە ڕێبەرانی ئەو حیزبە قسە بکات کە دایە فاتمە حازر نەبووە ئەو کارە بکات. هەروەها ئەوان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ڕەبانی هەتا ناوی ئەو کەسانە ڕادەستیان بکەن کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان کردووە.

شایانی باسە کە،ڕێزان جاوید ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ”پژاک”، ڕێکەوتی ١٥ی گەلاویژ لە ئاکامی هێرشێکی هاوبەشی سپای پاسداران و سپای تورکیە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدرا، لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆر کرا.