سوعدا خەدیرزادە بەندکرانی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە هەفتەی ڕابردوو دوای دانپێدانانی زۆرەملێ لە پێش کامێرا، هەوڵی خۆکوشتنی دا و منداڵە ٢ مانگانەکەی خۆی دەرمان خوارد کردبوو، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانان، بە شێوەی کتوپڕ لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لە حاڵێکدا سوعدا خەدیرزادەیان لە بەندی ژنانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە کە منداڵەکەی لای بەندکراوانی دیکە بە جێ ماوە. لە دانپێدانانی زۆرەملێی سوعدا خەدیرزاد، تۆمارێکی دەنگیی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەڵێت: ”ئەو دانپێدانانە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ بە زۆر لە من وەرگیراوە” و وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هەوڵی خۆکوشتنی خۆی دەڵێت: ”بە هۆی گوشاری دەروونی لەو ماوەیەدا لەبەندیخانە بووم چەند جاری دیکەش هەوڵی خۆکوشتنم داوە کە سەرکەوتوو نەبووم”.
