فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

راگەیاندنی کۆتایی سەرکەوتوانەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە
هەینی ۰۲-۰۲-۱۴۰۱   |  22-04-2022

راگەیاندنی کۆتایی سەرکەوتوانەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە
(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، رێکەوتی ١٧ و ١٨ی ئاوریلی ٢٠٢٢ بەڕێوە چوو. ئەم کۆنگرە لە سێ شوێن ( ستۆکهوڵم – سوئێد، کۆڵن – ئاڵمان و هەرێمی کوردستان) و هەروەها حزووری کۆمەڵێکی دیکە لە هاورێیان و میوانان کە بە شێوەی ئانلاین بەشداریان کردبوو و هەموو بە تۆڕی ئینترنیت پێکەوە گرێ درابوون، بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرە دا جگە لە ئەندامانی تەشکیلاتی شارەکانی کۆردستان و ئەندامانی باقی تەشکیلاتەکانی کۆمەڵە، نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسیە کان و هەروەها کەسایەتیە چەپ و سۆسیالیستەکان بە شێوەیەکی هەڵسووڕاو و چالاک بەشداریان کرد.
دەسپێکی کۆنگرە بە سروودی ئەنترناسیوناڵ سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار دەستی پێکرد و بە راگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی هاورێیانێک کە لە ماوەی نێوان کۆنگرەکانی ١٧ و ١٨ گیانیان بەخت کرد و هەموو گیانبەخت کردوانی رێبازی ئازادی و سۆسیالیزم بەردەوام بوو. بە دوای پەسەند کردنی حزووری زیاتر لە ٢ لە سەر٣ی ئەندامان، فەرمی بوونی کۆنگرە لە لایەن دەستەی بەرێوەبەری کۆنگرە کە لە لایەن ئەندامانەوە هەڵبژێردرابوون، راگەیندرا.

وتاری ”کردنەوەی کۆنگرە” لە لایان یەکێک لە هاوڕێیانی کۆمیتەی رێبەری کۆمەڵە پێشکەش کرا. لە بەشێک لە تارەکەی دا دوای بەخێرهێنان و سپاس لە ئامادەبووانی کۆنگرەی١٨ی کۆمەڵە، ئاماژەی بە هەلومەرجێ جیهانی، ناوچەیی، ئێران و کوردستان کرد کە کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵەی تێدا بەستراوە. لە ئاستی جیهانی دا، باسی لە پەرەسەندنی رادەی برسێتی و هەژاری میلیاردها ئینسانی سەر گۆی زەوی کرد کە بە هۆی قووڵ بوونەوەی قەیرانی نیزامی سەرمایەداری، ژیانیان کەوتۆتە مەترسی. قەیرانێک کە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا بۆتە هۆی دابەزینی هیژمۆنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی ئامریکا و هاتنە مەیدانی زلهێزەکانی دیکەی سەرمایەداری وەک رووسیە، چین، یەکیەتی ئوروپا و هەوڵ دانیان بۆ دابەش کردنەوەی دووبارەی دونیا لە نێوان خۆیان دا. هەڵگیرساندنی شەڕی ماڵ وێران کەری ئوکراین یەکێک لە ئاکامەکانی ئەم کێبڕکێیە. لە درێژە باسەکەدا هەڵوێستی کۆمەڵە سەبارەت بەو شەڕە خستە روو کە ئەم شەڕە شەڕی دوو جەمسەری سەرمایەدارییە و شەڕێکی کۆنەپەرەستانەیە و تێچووی ئەم شەڕە لە گیرفانی خەڵکی فەقیر و هەژاری دونیا دەدرێ و دەبێ هەر دوو لایەنی ئەم شەڕە مەحکووم بکرێن.

لە بەشێکی دیکە وتاری ”کردنەوەی کۆنگرە”، لە لایەکەوە تیشک خرایە سەر بارو دۆخی ئێران و کۆماری ئیسلامی و قەیرانی ئابووری و گەندەڵی رژیم و بێ توانایی لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری قەیرانەکان و لە لایەکی دیکەوە باس و لێکدانەوە لە بارو دۆخی نالەباری ژیانی کرێکاران و خەڵکی کەم داهاتی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان کرا. هەروەها ئاماژە بە ئاستی بەرزی خەبات و جم و جۆڵی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان وەک بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان، ژنان و خوێندکاران و لاوانی بێکار کرا کە بە هێنانە گۆڕی ویست و داخوازەکانیان، بە مانگرتن و کۆبوونەوەی نارەزایەتی، کۆماری ئیسلامییان خستۆتە ژێر گوشارەوە. باس لەوەکرا کە لە دڵی ئەم خەبات و تێکۆشانەدا، کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان پەروەردە بوون و نەوەیەک لە رێبەرانی لێهاتوو و کارزانیان لێ پەیدا بووە. بەم جۆرە دەکرێ بڵێین لە ئێران هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەباتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکیزەحمەتکێش و بە زەرەری کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆمەڵگای کوردستانیش هاتۆنە ئاراوە. هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستانیش هاوکات لە گەڵ بەردەوام بوونیان لە خەبات و تێکۆشانی رۆژانە، هەوڵ دەدەن لە تۆڕێکی بەرین دا لەگەڵ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەئاستی سەراسەری لە ئێران لە پێوەندی و هاوئاهەنگی دابن. پێویستە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵەش لەم بۆچوون و لێکدانەوانە سەرچاوە بگرێ. لێرە دا بە وردی باسی سەردێڕەکانی ئەم ئەرکانە کرا و شیی کرانەوە.

لە کۆتایی قسە و باسی ”کردنەوەی کۆنگرە” دا، بە کورتی باسێکیش لە جیابوونەوە و ئینشعابی لایەنی ڕاست لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە کرا کە لە کردەوەیەکی ئینحلال تەڵەبانە و بە شێوەیەکی نا یاسایی، ”کۆنگرەی ١٨” یان بەست و هەموو ئەندامانی باڵی چەپی ناو تەشکیلاتیان لە بەشداری لەم بە ناو کۆنگرە بێبەری کرد. بەم جۆرە جیابوونەوەی خۆیان لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یەک لا کردەوە و تاوانی لەت کردنی تەشکیلاتیان بۆ خۆیان تۆمار کرد. لەو بەشەش لە قسەکان دا، باسکرا کە رەوتی ئینشعاب هەر لێکدانەوەیەکیان لە ناوەرۆکی کێشە ناوخۆییەکان بوو بێت، ناتوانێ ئەم راستیە بشارێتەوە کە ئومێدیان بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و چینی کرێکار و شۆڕشەکەی نەماوە. نیزیک بوونەوەیان لە حیزبە ناسیونالیستەکان و دوورکەوتنەوەیان لە حیزب و لایەن و کەسایەتیە سیاسیە چەپەکان، ئەم راستیە دەسەلمێنێ.

دوای وتاری” کردنەوەی کۆنگرە”، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان پەیامەکانیان پێشکەش بە کۆنگرە کرد و لە لایەن بەشدارانی کۆنگرەوە دەست خۆشیان لێ کرا.

ناوەرۆکی گەڵاڵەی ”هەڵوێست، ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە” کە پێشتر درابوو بە ئەندامان و میوانەکانی کۆنگرە، بابەتێکی دیکەی دەستووری کاری کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بوو کە لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی رێبەری کۆمەڵەوە پێشکەش کرا و هێندێک لە خاڵەکانی درانە بەر باس و لێکۆڵینەوە. دوابەدوای ئەوە، کات درا بە میوانان و ئەندامانی کۆنگرە. ئەوانیش ڕا و بۆچوون و تیببینی خۆیان لە سەر ئەو سەنەدە، دەربڕی. دیارە کۆمیتەی رێبەری کۆمەڵە لە دوومانگ پێش کۆنگرەوە، بە مەبەستی ئامادەکاری، کۆبۆنەوە گەلێک بۆ قسە و باس و دەربڕینی بیر و ڕای ئەندامانی حیزب لە سەر بڕگە و بابەتەکانی کۆنگرە وەڕێ خستبوو. هەر بەم هۆیەوە لەم بەشەدا کاتی زیاتر بۆ میوانەکان تەرخان کرا و ئەوانیش بەوپەڕی دڵسۆزی و هەست بە بەرپرسایەتی، ڕا و رەخنە و تێبینی خویان دەربڕی. کۆی گشتی ئەم سەنەدە دەنگدانی بۆ کرا و بە دەنگی نزیک بە تەواوی ئەندامان پەسەند کرا.

راپۆڕتی کار و چالاکی بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە بڕگەیەکی دیکەی دەستووری کاری کۆنگرەی کۆمەڵە بوو. لەو بەشە دا چالاکی و هەڵسووڕانی رێکخراوی نەهێنی شارەکانی کوردستان، سایتی کۆمەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، پرۆژەی هەوڵ دان بۆ پێک هێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی کوردستان و تلویزیونی کۆمەڵە درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. رەخنە لە کەمو کووڕییەکان گیرا و رێنوێنی بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی خەبات و تێکۆشانی داهاتوومان لە لایەن ئەندامان و میوانان ئاماژەیان پێکرا. ئاشکرایە کە لە چەند ساڵی رابردوو دا کێشە و ناکۆکی ناوخۆی تەشکیلات، بەشێکی زۆر لە کات و توانا و هێزی ئێمەی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردبوو. ئەوە خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی بوونی کەم و کووڕی لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمەڵە بوو.

لە ماوەی دوو رۆژی بەڕێوە چوونی کۆنگرەی کۆمەڵە، هێندێک بڕیار و پێشنیار بە دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە گەیشتبوو. لە سەر ئەوانیش قسە و باسی تێر و تەسەل کرا و  دوای ئەوە خرانە دەنگ دانەوە و هێندێک لەو قەرار و بریارانە پەسەند کران و کۆنگرە، کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی خۆی پابەند بە جێبەجێکردنیانی کرد. بڕیاریش درا کە چەند پەیامێکیش لە وانە پەیام بۆ بنەماڵەی گیان بەختکردوان و بۆ زیندانیە سیاسیە کان ئامادە و پێشکەشیان کرێ.

دوایین دەستووری کاری کۆنگرە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بوو. لەم بەشەش دا دوای باس و لێک دانەوە، ٢٥ کەس لە ئەندامان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردران کە بریتین لە: کارۆ ئازادی، کەیوان ئەحمەدی، فەرزاد ئەحمەدی، خوسرەو بۆکانی، رەخشەندە بلووری، رەئووف پەرەستار، بارزان حەسەن پوور، محەمەد حەمیدی، رەشید رەزاقی، عوسمان رەمەزانی، دلێر سفیدی، حەبیب سوڵتانی، عەلی شاهکار، حەسەن شەمسی، کەماڵ عەزیزی، مەحموود قارەمانی، محەمەد کەماڵی، ئارام کاکەڕەش، ئیسماعیل کاکەڕەش، سدیق گەوێڵیان ، سەلاح مازوجی، ئێران مرووەتی، ئانا مەحموودی، گەوهەر میعمارزادە ، پەدرام نەسروڵاهی. 

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە دوای دوو رۆژ کاری پڕاوپڕ بە وتاری کۆتایی لە لایەن یەکێک لە هاورێیانی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە و بە سروودی ئەنترناسیوناڵ لە کەش و هەوای شادی و خۆشی بەشداران دا کۆتایی بە کاری هات. 

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە 

( رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٩ی خاکە لێوەی ١٤٠١