فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ کرێکارانی ئێران
دوشەممە ۰۵-۰۲-۱۴۰۱   |  25-04-2022

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کە لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا بەڕێوەچوو، سڵاو و دروودی سەمیمانەی پێشکەش بە هەموو ئێوە کرێکارانی ئازیز دەکات. کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە باروودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا بێکاری و هەژاری و فەلاکەتێکی بێوێنە بەسەر ئێوە کرێکاران و هەموو بێبەشانی ئێراندا سەپاوە. سەرەڕای ئەم باروودۆخە دژوارە، چینی کرێکار بۆ یەک ڕۆژ ڕانەوەستاوە و بەردەوام لە جموجوڵ و خەباتدا بووە و بە خەباتی خۆی کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای کۆمەڵگە داناوە. ئەگەرچی دەستدرێژیی حکوومەتی سەرمایەداران بۆسەر کار و گوزەرانی کرێکاران و بێبەشانی شار بەستێنی بابەتیی ئاخێزە جەماوەرییەکانی لە ئێران خوڵقاند، بەڵام ئەوە مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکاران لە ناوەندە گەورە سەنعەتییەکاندا بوو کە ڕوودانی ئەم ئاخێزە جەماوەرییانەی مسۆگەر کرد.

ئێوە کرێکارانی ئێران، لە ساڵێکدا کە تێپەڕی، پتر لە دوو هەزار ناڕەزایەتی و مانگرتنتان بەرپا کرد. لەو ساڵەدا ئێمە شایەدی مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە، مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مەعدەنەکان، شارەدارییەکان و چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی مامۆستایان و خانەنشینکراوان بووین. مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، درووست یەک ڕۆژ دوای کۆتایی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم، نیشانی دا کە کرێکارانی ئێران بە سەرکوتی خوێناویی ڕژیم دژبە ئاخێزە جەماوەرییەکان و ڕەشبگیریی هەموو ڕۆژێی هەڵسووڕاوانی کرێکاری چاوترسێن نەبوون. نیشانەی ئەوە بوو کە کرێکاران نایانهەوێ وەک ڕابردوو تاڵان بکرێن و لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین. ئێوە کرێکاران بە مانگرتنی بەردەوامی خۆتان لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بۆ جارێکی دیکە وتاری چینایەتی و ڕۆڵی چینی کرێکارتان لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا بەرجەستەتر نیشان دا.

بەڵام سەرەڕای ڕێکخستنی ئەم مانگرتنە شکۆدارانە، تا کاتێک کە بزووتنەوەی مانگرتنی ئێوە کرێکاران پێکەوە پەیوەند نەدرابێت و پڕژوبڵاو بێت، تا کاتێک کە بزووتنەوەی کرێکاری بە مانگرتنی سەرتاسەریی خۆی نەتوانێ باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ خۆی یەکگرتوو و هاوڕێ بکات، نانوانێ دەسەڵاتی سەرمایەداران بڕووخێنێت. کەوابوو ئامادەکاریی بزووتنەوەی سیاسی جەماوەری و سەرتاسەریی کرێکاران ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەیە لە کۆتایی هێنان بەم باروودۆخە فەلاکەتبارەدا. ئەوە بزووتنەوەی سیاسی جەماوەری و سەرتاسەریی کرێکارانە کە دەتوانێت جەماوەری مەزنی هەژارانی شار، کۆڵبەران و سووختبەران و بەرەی بێبەشانی کۆمەڵ لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرمایەداراندا وەحەرەکەت بخات.

پێداویستییەکانی چینی کرێکار بۆ ئەم بابەتە بریتین لە: ڕێبەریی سیاسی و سەرانسەری، ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی، شۆرا، ڕێکخراوبوون لەناو حیزبی کۆمۆنیستی خۆی. هەر ئێستا فاکتۆری سەرەکیی پێکهاتنی ئەم ڕێبەرییە سیاسی و سەرتاسەرییە و ماتریالی ئینسانی و کادرەکانی لە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا بوونیان هەیە. ئەم کادر و ڕێبەرانە لە کوورەی داغی مانگرتنە کرێکارییەکان و کۆبوونەوە گشتییەکان لە حەوت تەپە و سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمییەکاندا پەروەردە بوون و لەم ناوەندانەدا ئاڵای نان، کار، ئازادی و بەڕێوەبەریی شۆراییان هەڵکرد. ئەم ڕێبەرانە لە ڕێکخستنی مانگرتنی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن، مەعدەن و شارەدارییەکاندا بەشدار بوون. لە جەرەیانی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایاندا ئەم ڕێبەرانە، توانایی و داهێنانی کردەوەیی خۆیان نیشان دا. بەپێچەوانەی ئیدیعای سەرمایەداران و ئایدیۆلۆگەکانیان، کرێکارانی ئێران نیشانیان داوە کە توانای ڕێبەریی کۆمەڵگەیان هەیە. لە باروودۆخی ئێستادا پێکەوە پەیوەنددران و هاوکاریی ئەم کۆمەڵە بەرینە لە ڕێبەران، کە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ ناوەندەکانی خەباتی چینی کرێکار و مزبەران هەیە، جێخستنی ئەم هاوکارییانە تا ئاستێک بۆشایی نەبوونی ڕێبەریی سەرتاسەری پڕ دەکاتەوە و هەنگاوێکی گرینگ لەپێناو ڕێکخستنی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران دێتە ئەژمار.

کرێکارانی ئازیز!

مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری ئێوە و کاریگەرییان لەسەر کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگە، مۆری خۆی لەسەر باسەکانی کۆنگرەی ١٣ی حیزبیش دا. بەشی بەرینی باسەکانی ئەم کۆنگرەیە بە چۆنیەتیی وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەباتی چینایەتیی ئێوە، یارمەتیدانی سەرانسەری کردنەوەی ئەم خەباتە و دابینکردنی ڕێبەریی چینی کرێکار لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران تەرخان کرا. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە لە سەرەتای دامەزرانییەوە ئاڵای داکۆکی لە بەرژەوەندی کرێکارانی بەرز کردووەتەوە، بەردەوام و لێبڕاوانە لە خزمەت بە ئەمری چینی کرێکار ئەرکەکانی خۆی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەرەوپێش دەبات. کرێکاران! حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یەکێک لە سەنگەرەکانی دیفاع لە بەرژەوەندی ئێوەیە. بە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەم سەنگەرەی پێشڕەویی خۆتان بەهێز بکەن.

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خاکەلێوەی ١٤٠١

ئاوریلی ٢٠٢٢