فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو
شەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۱   |  23-04-2022
کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕۆژانی هەینی و شەممە ٢٦ و ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٥ و ١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٢ لە سێ ساڵۆنی ستۆکهۆڵمی سۆئێد، کۆڵنی ئاڵمان و کوردستانی عێراق کە لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە پێکەوە پێوەندییان هەبوو و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و میوانان لەڕێگەی ئانڵاینەوە تێیدا بەشداربوون، بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیەدا بێجگەلە ئەندامانی تەشکیلاتی ناوەوەی شارەکانی ئێران و ژمارەیەکی بەرین لە ئەندامانی حیزب، هەیئەتگەلێک لە لایەن حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، سازمانی فەداییانی ئەقەلییەت، هەستەی ئەقەلییەت، سازمانی ڕاهی کاریگەر، یەکیەتیی نێونەتەوەیی بۆ پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و کرێکاریی ئێران بەشدار بوون. کۆنگرە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێیان و کادرەکانی حیزب کە لەماوەی دوو کۆنگرەدا گیانیان بەخت کردووە و هەروەها بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی سەرجەم گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم دەستی بەکار کرد.  

پاشان، دبیری کۆمیتەی ئیجرایی حیزب لە وتاری دەستپێکی خۆیدا تیشکی خستە سەر باروودۆخێکی تایبەت کە کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزبی تێدا بەڕێوەدەچێت. لەم وتارەدا هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە نەزمی جیهانی و قۆناغێکی نوێ لە کێبەرکێی دەسەڵاتە گەورەکانی سەرمایەداری، بەستێن و دواهاتی ماڵوێرانکەری ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە و هەڵوێستی سۆسیالیستی، باروودۆخی گۆڕدراوی سیاسی لە ئێران و ئەو قۆناغە تازەیەی کە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی تێیکەوتووە و هەروەها ماهییەتی کێشمەکێشی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب لە قۆناغی پێشوو و ئینشعابی جەرەیانی ڕاست لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزب، ئاماژەی پێدرا. دوای وتاری دەستپێک، نوێنەرانی هەیئەتی بەشداربووی حیزب و ڕێکخراوەکان، سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و کەسایەتییە سیاسییەکان، پیامی خۆیان خوێندەوە کە لەلایەن بەشداربووانی کۆنگرەوە بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا.

پاش پەیامەکان بەپێی ئاییننامەی ناوخۆیی کۆنگرە، باسی هەلومەرجی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتە دەستووری کاری کۆنگرەوە. لەم پێوەندەدا بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە پێشتر بەنووسراوە خرابووە ئیختیار ئەندامان و میوانانی کۆنگرەوە، لەلایەن یەکێک لە هاوڕێیانی کۆمیتەی ئیجرایی حیزبەوە پێشکەشی کۆنگرە کرا. لەم بەیاننامەیەدا وێڕای دانە بەر باسی قەیرانی جیهانیی سەرمایەداری و توندبوونەوەی کێبەرکێی دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان، شەڕی ئۆکراین و توندبوونەوەی قەیرانی پەنابەری، قەیرانی ژینگەیی، کارەساتی کۆرۆنا وەک دواهاتی قەیران و داڕمانی سەرمایەداری تەئکیدی لەسەر کرا. لەم بەیاننامەیەدا بەسەرەنجدان بەم ڕاستییە کە ڕزگاری لە گشت نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری و قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەیی لە گرەوی ڕووخاندنی موناسباتی سەرمایەداری دایە، زەروورەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە ئاسۆی سۆسیالیستییەوە تەئکیدی لەسەر کراوە. هەروەها لەم بەیاننامەیەدا دواهاتی ئاڵوگۆڕی ئابووری و سیاسیی جیهان، دەستتێوەردانی هێزە ئیمپریالیستییەکان و ڕەوتی گۆڕانکاریی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندە قەیراناوییەکانی ئەم ناوچەیە دراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

دوای بەشداریی چالاکانەی ئامادەبووانی کۆنگرە لەم باسەدا، بەیاننامەی پەسندکراوی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب سەبارەت بە باروودۆخی سیاسیی ئێران لەلایەن یەکێکی تر لە هاوڕێیانی ئەندامی کۆمیتەی ئیجرایی پێشکەشی کۆنگرە کرا. ئەم بەیاننامەیە بە هەڵسەنگاندنی پێگەی دوو چینی سەرەکیی کۆمەڵگە واتە چینی سەرمایەداری ئێران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە دەسەڵاتی ئەم چینە و پێگەی چینی کرێکار، ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە گشت بوارەکانی خەباتی سیاسی و جەماوەری، تایبەتمەندییەکانی هەلومەرجی سیاسیی ئێستای ئێران، پەرەگرتی پێش مەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شکڵ گرتنی پێگەی شۆڕشگێڕانە و گرینگیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، پێگەی حیزب و سەرەنجام ئەرک و ئەولەوییەتەکانی ئێمەی لە قۆناغی داهاتوودا داوەتە بەر باس. لە بەشی پێوەندیدار بە هەڵوێست، ئەرک و ئەولەوییەتەکاندا، هەموو ئەو ئەرکانەی کە بە ئامانجی وەدەستهێنانی هێژمۆنیی چینی کرێکار لە بزووتنەوەی جەماوەری و خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، وەئەستۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و باقیی هێزە کۆمۆنیستەکانە، تەئکیدی لەسەر کراوە.

لەو جێگەوە کە پێشتر بەڵگەکان خرابوونە ئیختیار هاوڕێیانی تەشکیلاتی ناوەوە و لە دوو مانگ پێشترەوە و لە چەندین سیمیناری ئامادەکاریی سیاسی و تەشکیلاتیی کۆنگرەدا، ئەم بەڵگانە بە بەشداریی چالاکانەی ئەندامانی حیزب درابوونە بەر باس و لێکۆڵینەوە، ئەم دەرفەتە خوڵقا کە هاوڕێیانی میوان لە کۆنگرەدا دڵسۆزانە و بە هەستی بەرپرسایەتییەوە تێبینیی ڕەخنەگرانە و تەکمیلیی خۆیان سەبارەت بە هەر دوو بەڵگە سیاسییەکە گەڵاڵە بکەن و لەم ڕێگەوە یارمەتیدەری کۆنگرەی حیزب بوون لەپێناو ئەو ئامانجانەی کە بۆخۆی دیاری کردبوو. ئەم بەڵگانە بە زۆرینەی دەنگەوە لەلایەن کۆنگرەوە پەسند کران.

ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب و لێکدانەوەی چالاکییەکانیان، یەکێکی تر لە دەستووری جەلەسەکانی کۆنگرە بوو. لەم بەشە لە کاری کۆنگرەدا، هاوڕێیانێک لە کۆمیتەی ئیجرایی و کۆمیتەی ناوەندی و کادرەکانی حیزب، ڕاپۆرتی کاری کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکانی ئێران، ڕاپۆرتی هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی “جەهانی ئێمرووز” و سایتی ئێنتێرنێتیی حیزب، تۆڕەکانی تەلەڤیزیۆنی حیزب و کۆمەڵە، ڕاپۆرتی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزب، دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، چالاکیی حیزب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب و ڕاپۆرتی چالاکیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبیان پێشکەشی کۆنگرە کرد. بەشداربووانی کۆنگرە بە وردبینییەوە کەموکوڕییەکانیان دایە بەر باس و ڕەخنە و لەسەر زەروورەتی بردنەسەرەوەی کوالیتیی چالاکییەکانی حیزب لە هەموو بوارەکان و پتەوکردنی حیزبییەت لە پەیوەندییە تەشکیلاتییەکاندا تەئکیدیان کرد. 

دەستوورێکی دیکەی جەلەسەکانی کۆنگرە لێکدانەوەی قەرار و بڕیارنامەی پێشنیارکراو بە کۆنگرە بوو. لەم بەشەشدا کۆنگرە دوای بیستی بۆچوونی موخالف و موافق سەبارەت بە هەر قەرارێکی پێشنیارکراو، چەندین قەراری پەسەند کرد. قەرارێکیش لەپێوەند لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەڵگە سیاسییەکان و قەرارە پەسندکراوەکانی کۆنگرە پەسند کرا کە بەو پێیە، بەڵگەکان بەم زووانە بڵاو دەکرێنەوە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە کۆنگرەی ١٣ی حیزب لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەیدا بەڕێوەچوو، کۆنگرە کۆمیتەی هەڵبژێردراوی خۆی ئەرکدار کرد کە بێجگەلە بڵاوکردنەوەی پەیام بەناوی کۆنگرەوە بۆ بنەماڵەی گیان بەختکردووان و بەندکراوانی سیاسی، پەیامێکیش ڕوو بە کرێکاران بڵاو بکاتەوە.

دوایین دەستووری جەلەسەی کۆنگرە، هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی بوو کە لەم بەشەدا کۆنگرە لەناو ژمارەیەکی بەرین لە کاندیداتۆرەکاندا، ٢٧ کەسی وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژارد کە بریتین لە هاوڕێیان: ڕووناک ئاشناگەر، هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕۆژین ئەمینی، ئارەزوو بێکەس، خەسرەو بۆکانی، ڕەئووف پەرستار، نۆسرەت تەیموورزادە، شەمسی خوڕەمی، ناسر زەمانی، حەمید سەعیدییان، حەبیب سوڵتانی، حەسەن شەمسی، ئەحمەد عەزیزپوور، ڕەحیم عەزیزپوور، مەسعوود عەزیمی، سوڕەیا فەتاحی، ئارام فەرەجوڵڵاهی، مەحموود قارەمانی، محەممەد کەماڵی، ئەختەر کەمانگەر، سەلاح مازووجی، سەدیقە محەممەدی، جەلال محەممەد نەژاد، عەباس مەنسووران، شۆڕش مەولایی، ئەردەشیر نەسروڵڵا بەیگی و مەرزیە نەزەری.

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دوای دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ، بە وتاری کۆتایی یەکێک لە هاوڕێیانی هەیئەتی ڕەئیسە و بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار لەناو شور و شەوق و شادیی بەشداربوواندا سەرکەوتووانە کۆتایی بەکاری خۆی هێنا. بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەتایبەت لە باروودۆخی گۆڕدراوی ئێران و بە بەشداری و هاوپشتیی باقیی هێز و کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیی ئێران نەتەنیا بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، بەڵکوو بۆ گشت بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار دەستکەوتێکی گرینگە.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 

خاکەلێوەی ١٤٠١

ئاوریلی ٢٠٢٢