فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ بنەماڵەی گیان بەختکردووان
یەکشەممە ۰۴-۰۲-۱۴۰۱   |  24-04-2022
 پەیامی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ بنەماڵەی گیان بەختکردووان

کۆنگرەی سێزدەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سڵاو و دروود دەنێترێت بۆ هەموو بنەماڵەی گیان بەختکردووانی ڕیزکانی حیزب و کۆمەڵە کە ئازیزانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات دژبە ڕژیمی سەرمایەدرایی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی و لەپێناو ڕزگاریی مرۆڤی چەوساوە گیانیان بەختکرد، بۆ هەموو گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم، بۆ هەموو ئەو بنەماڵە جەرگ سووتاوانەی کە ڕۆڵەکانیان لە ئاخێزی بێبەشانی شاریدا خوێنیان ڕژایە سەر شەقامەکان، بۆ بنەماڵەی کرێکارانێک کە بە تاوانی خەبات بۆ وەدی هاتنی خواستەکانیان کەوتنە بەر گولـلەی دوژمن، بۆ بنەماڵەی هەموو ئەوانەی وا لە زیندانەکانی ڕژیمدا گیانیان بەختکرد.

ئێمە لەدڵەوە باوەڕمان بەوەیە کە کوشتاری کۆماری ئیسلامی چ لەسەر شەقام و چ لەناو زیندانەکاندا غەم و ماتەمی گەورە و گرانی خستووەتە ناو دڵی بنەماڵەی گیان بەختکردووانەوە. ئەم برینە قووڵانە ساڕێژ نابن. بەڵام ئێمە پەیمان تازە دەکەینەوە کە ڕێگای سووری گیان بەختکردووان تا ڕووخاندنی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی نوێ درێژە دەدەین. نیزامێک کە تێیدا هیچ بنەماڵەیەک ئازیزانی خۆی بەخاتری هەبوونی بیری سیاسی، بەخاتری خواستی ئازادی، بەخاتری داخوازیی نان لەدەست نەدات. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەرجۆرە کوشتار و ئێعدامی ئینسانەکان لەژێرناوی قەتڵی بەئانقەستی دەوڵەتی، وەک کردەوەیەکی نگریس بخرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڵێنی قووڵی خۆی لەپێناو درێژەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر ڕادەگەیەنێت. ئەم بەڵێنە لەو بەرپرسایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت کە حیزب لە قەباڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو ئەو بنەماڵانەدا هەیەتی کە لەماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئازیزانی خۆیان لەپێناو ڕزگاری ئینسانەکان لە نەهامەتییەکانی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری لەدەست داوە.

ڕێگای گیان بەختکردووانی ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، ڕێگای گیان بەختکردووانی ئازادی و سۆسیالیسم بێ پسانەوە درێژەی هەیە. جارێکی تر گەرموگوڕترین سڵاو و دروودی ئێمەتان پێشکەش.