فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ بەندکراوانی سیاسی
یەکشەممە ۰۴-۰۲-۱۴۰۱   |  24-04-2022

بەندکراوانی سیاسی، هاوڕێیانی خەباتکار!

کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەمیمانەترین سڵاو و دروودی خۆی پێشکەش بە ئێوە و بنەماڵە ئازیزەکانتان دەکات.

کۆنگرەکەمان لە باروودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئێوە ئازیزانی بە تاوانی دەخاڵەتگەری و هیدایەت و ڕێبەریی خەبات و ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی جەماوەری ڕەنجدیتوو بۆ خواستە ڕەواکانیان بە بەند کێشاوە.  تاوانی ئێوە خەبات بۆ نان، کار و بژێو و ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی پتر لە چوار دەیەیە بە زەبری زۆر و سەرکوت و کوشتن و زیندانی کردنی ئینسانە مافخواز و خەباتکارەکان لە جەماوەری بێبەشی کار و زەحمەتی زەوت کردووە.

ئێوە بە بەشداریی خۆتان لە مەیدانی خەبات و بە خۆڕاگری و بوێریی خۆتان لەناو زیندانەکانی ڕژیم، و بە کۆڵ نەدانتان لە بەرامبەر سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی کە ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگەیە، ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگرتان لە بەرەو شکست بردنی ئەم سیاسەتانەدا گێڕاوە. ئێوە بە خۆڕاگریی خۆتان نیشانتان داوە کە هاوار و دەنگی کرێکارانی خەباتکار، مامۆستایان و خانەنشینکراوان، ژنانی مافخواز و هەموو جەماوەری ژێر ستەم و هەڵاواردنی کۆمەڵگەن. ئێوە نیشانتان داوە کە ڕژیمی ئیسلامی بە سەرکوت و برقی سەر نێزە و بە بەند کێشانی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان ناتوانێ ئەم بزووتنەوانە ناچار بە پاشەکشە بکات.

ئازیزانی بەندکراو!

پایەداری و خۆڕاگریی ئێوە لەناو زیندانەکان نیشانی داوە کە دەنگی ئێوە و جەماوەری خەباتکار لەناو زیندانی گەورەی ئێراندا هیچ کات کپ نابێت. دەنگێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پشتیوانیی بیروڕای گشتیی جیهان بەرەو خۆی ڕاکێشاوە. ئێمە بەشداربووانی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڵێن و پەیمانی خۆمان لەگەڵ ئێوە و بنەماڵە ئازیزەکانتان بۆ دیفاعی لێبڕاوانە لە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو بەندکراوانی سیاسی تازە دەکەینەوە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە هیچ هەوڵێک بۆ ڕەنگدانەوەی دەنگی “بە بەند کێشراو”ی ئێوە و لەپێناو بوونی درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت” بە هاواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەریغ ناکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ کۆمەڵگەیەک خەبات دەکات کە سەرکوتی بیروباوەڕ و ئازادیی تاکەکەسی وکۆمەڵایەتی نەتەنیا جێگەی نییە بەڵکوو وەدی هاتنی ئەم ئازادییانە پێش مەرجی گەشە و پشکووتنی توانا و داهێنانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەبێت.

بەهیوای ئەو ڕۆژەی کە بە ڕاپەڕینی شکۆداری کرێکاران و جەماوەری ڕەنجدیتوو، ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی بڕووخێت، دەرگای زیندان تێک بشکێت وئێوە بەندکراوانی سیاسی ئازاد بن و لە باوەشی جەماوەر و لە باوەشی ئازیزانتاندا سروودی ئازادیی بخوێنن.

سڵاو و دروودی دووبارەی ئێمەتان پێشکەش!


کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خاکەلێوەی ١٤٠١