ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانان، ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ژینا مودەڕس گورجی، هەڵسووراوی بواری ژنان لە دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چوو.
دوو دانیشتی کۆتایی دادگاییەکەی ئەم چالاکەی بواری ژنان بە تۆمەتەکانی “دروستکردنی گرووپی نایاسایی (ژیڤانۆ) بە ئامانجی ڕووخانی نیزام، ئەندامەتی لە گرووپەکانی نێوخۆی وڵات لە ڕاستای تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام” بەڕێوە چوو و لە کۆبوونەوەی یەکەمدا جوامێر عەبدوڵلاهی و عوسمان موزەیەن و لە کۆبوونەوەی دووهەمدا جوامێر عەبدوڵلاهی و شۆڕش تەوحیدی پارێزەرانی دۆسییەی ژینا مودەڕس گورجی، بەرگرییان لێکردبوو.
ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، ژینا مودەڕس گورجی، هەڵسووراوی مافی ژنان، پاش ٨٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی، بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا. ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێکردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، “خۆر بە چاوی خۆت نابینی.”