مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران بە خێراییەکی بێوێنەوە لاپەڕەکانی هەڵدەدرێتەوە. لەم مێژوویەدا نەوجەوانانی قۆناخی سەرەتایی بە شور و شەوقەوە وێنەکانی حەمەڕەزا پەهلەوی و خامنەیی دەدڕێنن، سەرپۆشەکانیان بە زەوی دادەدەن و دێنە سەر شەقامەکان. لەم مێژوویەدا خوێندکارانی بوێر دەبینین کە لە دەرەوە و لە ناوەوەی زانکۆکاندا دەنگ هەڵدەبڕن : “ڕۆڵەی کرێکارانین هەردەم پشتیوانیانین”. وە پێکەوە سروودی “لە خوێنی لاوان گوڵی لالە ڕواوە” دەڵێنەوە. کچان و کوڕانی خوێندکار لە زۆرێک لە زانکۆکان بە تێکشکاندنی یاساکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی، واتە یەکێک لە هێماکانی سەرکوت و سووکایەتی بە ژنان، چوونە ناو سێڵف سێرویسی زانکۆکانەوە. پێشێلکردنی یاسای هەڵاواردنی ڕەگەزی، هێرشە بۆسەر یەکێک لە بنەماکانی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی. لەم مێژوویەدا پێشەنگایەتیی ژنان دەبینین کە بەندەکانی دیلیەتییان فڕێ داوە و بە سەربەرزییەوە لە پێشەوەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، لەسەر شەقامەکان بەرەنگاری هێزە سەرکوتگەرەکان دەبنەوە. لەم مێژوویەدا مامۆستایانی خەباتکار دەبینین کە خوێندکاران فێری دەرسی خەبات دەکەن و بۆ ئازادیی خوێندکاران لە بەند، مانگرتنی سەرانسەری سازمان دەدەن. لەم مێژوویەدا کرێکارانی شوکلات سازیی تەورێز، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، کرێکارانی ڕەسمی و پڕۆژەیی نەوت لە ئابادان و کرێکارانی حەوت تەپە دەبینین کە بۆ هاوپشتی لەگەڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.
هەموومان دەزانین کە دینامیزمی حەرەکەتی ئاخێزی جەماوەری تایبەتمەندیی خۆی هەیە. نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە جەماوەری خەڵک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و هەموو ڕۆژێ لەسەر شەقام بەرەنگاری هێزە سەرکوتگەرەکان ببنەوە. بەڵام دەکرێ بە پێکهێنانی کۆمیتە و شۆرای گەڕەکەکان و گرێدانیان بە یەکترەوە تاکتیکی گونجاو بۆ بەردەوامبوونی ئاخێزی جەماوەری، تاکتیکی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان و زەمینگیرکردنیان، تاکتیکی گونجاو بۆ هەرچی زیاتر جەماوەری کردنەوەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بگرینە بەر. نابێ فەرامۆشی بکەین کە ڕێژیمی تاوانکار و دژەشۆڕشی ئیسلامی بە هەموو باڵەکانییەوە کۆسپی سەرەکییە لەسەر ڕێگای ئاڵوگۆڕی پێشڕەو و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەی ئێران و هەرجۆرە پێشڕەوییەک لە ڕاستای وەدی هاتنی خواستی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران لە گرەوی ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەدایە. کەوابوو پێویستە هەوڵ بدرێت کە هەموو زەرفییەتەکانی ناو کۆمەڵگە بۆ خەبات دژبەم ڕێژیمە و بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی بەکار بگیرێت. لە هەمان حاڵیشدا نابێ ئەو بابەتە لەبیر بکرێت کە لە بەرامبەر ئێمەدا تەنیا یەک دوژمن بەناوی کۆماری ئیسلامی ڕانەوەستاوە. کۆمەڵگە مەیدانی دژایەتیی چینایەتی و گۆڕەپانی هاتنە مەیدانی نوێنەرانی سیاسیی ئەم چینە ناتەبایانەن. کەم نین دوژمنانی شۆڕش کە بۆ دەست بە دست بوونی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر سەری خەڵکەوە خەریکی پیلانگێڕین و ئاڵتێرناتیڤسازی دەکەن و تەنانەت حازرن لەگەڵ باڵێک لەم ڕێژیمە جەنایەتکارە بسازێن و موعامەلە بکەن تا بە وەلانانی ڕووحانییەت، دامودەزگای زاڵمانەی سەرمایەداریی ئێران لە زەبری شۆڕش بپارێزن.
هەر ئەو دەسەڵاتانەی کە بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی مافخوازانەی خەڵک، بەناو شۆڕشی هێمنانەیان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات وەڕێخست، هەر ئەوانەی کە خوێنخۆرترین ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، دژەشۆڕشی ئیسلامی بە ڕێبەریی خومەینییان بە دەسەڵات گەیاند و ئەرتەش و ساواک و ماشێنی سەرکوتی دەسەڵاتی دیکتاتۆری پەهلەوییان دەست نەخواردوو تەحویل دان تا سەرکوتی شۆڕش درێژە پێبدەن. هەر ئەوانەی کە لەم ڕۆژانەدا لەڕێگەی میدیاکانەوە پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی خەڵک ڕادەگەینن و هاوکات بە نهێنی موعامەلاتی قیزەونی خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە درێژە پێدەدەن. هەر ئەوانەی کە لە ژوورە فکرییەکانیاندا هەر لە ئێستاوە خەریکی درووست کردنی بەدیلی کۆنەپەرستانە و داتاشینی ڕێبەرن بۆ ئەم ئاخێزە. هەر ئەوانەی کە بەدیلی ئابوورییان بۆ داهاتووی ئێران درێژەی سیاسەتی نیۆلیبڕالیی ئێستایە بە مودیریەتی غەیرە ئیسلامییەوە. بەپێی بەرنامە ئابوورییەکانی ئەوان دیسان کرێکار دەبێ هێزی کارەکەی هەرزان بفرۆشێت تا سەرمایەدارانی ئێران بتوانن لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕەقابەت بکەن. واتە ئەو سیاسەتانەی کە دیسان کۆڵبەر و سووختبەر درووست دەکات و لە سنوورەکان وەبەر گولـلەیان دەدات. سیاسەتگەلێک کە زیاتر لە ڕابردوو پەروەردە و تەندروستی و دەرمان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، کالایی دەکەن. شورای مودیریەتی گوزار پێکدینن تا لەژێرناوی سنووربەندی و دژایەتی لەگەڵ توندوتیژی ژەهر بکەنە ناو جەستەی شۆڕشەوە و لەسەر سەری جەماوەر و خەباتکارانی شەقامەوە دەسەڵات لە ڕووحانییەت تەحویل وەرگرن و بۆ دریژەی سەرکوتی شۆڕش ئەرتەش و سپای پاسداران تێکەڵ بە یەک بکەن.
بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، بۆ زەمانەتکردنی پێشڕەویی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە، چینی کرێکار وەک هێزی بزوێنەری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە، پێویستە بێتە مەیدانی ئەم نەبەردە سیاسی و چینایەتییەوە. بە بێ هاتنە مەیدانی ڕێکخراوی چینی کرێکار، ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە ناتوانێ هاوسەنگیی هێز بەشێوەی بنەڕەتی بە قازانجی شۆڕش و بە قازانجی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕێژیمە و بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەسەرەنجام بگەیەنێت. بێگومان هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مانگرتنی کرێکاریی شکۆمەندیان ڕێکخستووە، بە باشی لە زەروورەتی سیاسی و چینایەتیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار ئاگادارن. هێزە کۆمۆنیستەکان بە سەهمی خۆیان پێویستە هەوڵ بدەن کە هاوڕێ لەگەڵ هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری یارمەتیدەری لابردنی کۆسپە کردەوەیی و زەینییەکانی سەر ڕێگای هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بن.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران