بەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەر، هێزەکانی ڕژیم لە مێترۆی “شۆهەدا”ی تاران، بە بیانووی ئەو شتەی کە بە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ ناودەبرێت، هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕژیم بەشێوەیەکی دڕندانە و توندوتیژانە ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵەیان داوەتە بەر لێدان کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چووە و بۆ نەخۆشخانەی فەجر گواستراوەتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنیەتی لە نەخۆشخانەی فەجر جێبەجێکراون و ڕێگە بە هیچ چەشنە سەردانیکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشییەوە بۆ لای ئەم کچە مێرمنداڵە نادرێت. ڕۆژی ڕابردوو ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێک سەردانی ئەم نەخۆشخانەی کردبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لێدان و بارودۆخی ناجێگیری ئارمیتا گەڕاوەند، میدیا و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕژیم بەشێوەیەکی سیستماتیک و هاوکات لێدران و کوترانی ئەم کچە مێرمنداڵە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بەدرۆ دەخەنەوە و بەرپرسانی حکوومەتی بانگەشەی ئەوەدەکەن کە هیچ چەشنە بەرکەوتنێکی فیزیکی ڕووینەداوە. ئەم بانگەشانە بەپشتبەستن بە ڤیدیۆیییەکی کورتی دەستکاری کراو لە گۆشەی دەروەی شەمەندەفەرەوە بڵاودەکەنەوە. هەروەها، میدیاکانی ڕژیم، هۆکاری لەهۆشخۆچوونی ئارمیتا گەڕاوەندیان بە نزمی پەستانی خوێن ڕاگەیاندووە، کە بەلەبەرچاوگرتنی نهێنیکاری، جێگیرکرانی هێزێکی زۆری ئەمنییەتی لە نەخۆشخانە و ڕێگری لە ئیزنی چاوپێکەوتن، نیگەرانی ڕای گشتی بۆ دووبارەبوونەی سیناریۆی کوشتنی ژینا ئەمینی دروستکردووە. لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هیچ هەواڵێک لە بنەماڵەی ئەم کچە مێرمنداڵە، بەتایبەتی باوکی و دایکی بەناوەکانی بەهمەن گەڕاوەند و شەهێن ئەحمەدی بڵاونەبووەتەوە کە ئەمەش دەرخەری کۆنترۆڵی توندی ئەمنییەتی و گوشار بۆ سەر ئەم بنەماڵەیەیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەک.