ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەر، سولەیمان عەبدی، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان – سەقز، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی، لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە، ڕەشەممەی ١٤٠٢ ماوەی حوکمی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز، بۆ زیندانی باز، گۆڕدرابوو. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سەقز کرابوو. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە، حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. هەروەها ڕۆژی دوشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە دۆسییەیەکی دیکەدا، بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی”، لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری ٢ی سەقزەوە بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ زەربە شەلاق مەحکووم کربوو. دادگا، ٨ مانگ بەندکرانی ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی بە ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بە ئەندامانی کۆمیتە ئیمداد گۆڕیوە و لێدانی ٧٠ زەربە شەلاقەکەشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.