بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، سێ هاووڵاتی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی “شوانە خزرنەژاد، ئەحەد خزرنەژاد و ئومێد خزرنەژاد”، لە دوای زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.
جێگای ئاماژەیە، شوانە خزرنەژاد و ئەحەد خزرنەژاد، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی پارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پیرانشار بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و دوای چوار مانگ و ١٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی دوو ملیارد تمەنی ئازاد کران. هەروەها ئومێد خزرنەژاد لە دوای پێنج ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی شوانە و ئەحەد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بانگ و دەستبەسەر کرا، ناوبراو لە دوای چوار مانگ و١٠ ڕۆژ بە شێوەی کاتی کاتی بە دانانی بارمتەی دوو ملیاردی ئازاد کرا. شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانیان وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.