بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی، ڕۆژانی ڕابردوودا “سەردار شاهمۆرادیان”، خوێندکاری بواری کەرەسە پزیشکییەکانی خەڵکی سنە، بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.
سەردار شاهمورادیان تەمەن ٢٧ ساڵ لە کاتی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکرانی درێژماوەی خۆیدا، لە سەرەکیترین مافەکانی وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شاهمورادیان، ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدرانەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای سنەدا دەستی شکێندرابوو. ناوبراو هەروەها ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی لە بەرانبەر کامێرادا کرابوو. ئەو خوێندکارە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە گواسترابوویەوە. جێگای ئاماژەیە، سەردار شاهمۆرادیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بە “موحارەبە و بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئینتزامییەکان” لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا تۆمەتبار کرا و دۆسیەکەی لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی “کەیوان زەندکەریمی، هۆشەنگ چوارگورگە تەمەن ٤٤ ساڵ و ئارام ئازاد” بەو تۆمەتە، ڕەوانەی لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە کرابوو.