بەپێی ڕاپۆرتەکان، “فەرهاد مەیسەمی” بەندکراوی سیاسی کە لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانی مانی لەخواردن گرتبوو و بارودۆخی تەندرووستی تێکچووبوو، ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕێبەندان لە زیندانی ناوەندی کەرەج ئازاد بوو. هەروەها “فەریبا عادلخواە” بەندکراوی دوو تابعیتی هەمان ڕۆژ لە زیندانی ئێوین ئازاد بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فەرهاد مەیسەمی لەڕێگەی نامەیەکەوە ڕایگەیاندبوو: “بەمەبەستی ڕاگرتنی ڕەوتی ئێعدامی هاووڵاتییان، ئازادکرانی ٦ کەس لە بەندکراوانی سیاسی و ڕاگیرانی ئەزیەت و ئازاری ژنان بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجاب” مانی لە خواردن گرتووە و هیوادارە کە ئەم کارەی ئەو ببێتە هەوڵێکی کۆمەڵایەتی. جێگەی ئاماژەیە، فەرهاد مەیسەمی ساڵی ٩٧، بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە حیجابی ئیجباری و پەیدا کردنی چەندین کتێبی قەدەغەکراو لە ماڵەکەی، دەستبەسەر و ڕاپێچی زیندانی کەرەج کرابوو.
لە لایەکی دیکەوە “فەریبا عادلخواە” توێژەری کۆمەڵناسی و هاووڵاتی دوو تابعیتی (ئێرانی _فەڕانسەیی) کە ساڵی ٩٨ بە تۆمەتی “سیخۆڕی و کۆبوونەوە و تەبانی لەدژی ئەمنییەتی میلی”، دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی هەینی لە زیندانی ئێوین ئازاد بوو.