فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئازادی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە دانانی بارمتە
دوشەممە ۲۹-۰۳-۱۴۰۲   |  19-06-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی “شۆڕش محەممەدپوور و هاجەر سەعیدی” ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان، بەدوای دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان، هاجەر سەعیدی چالاکی بواری مافەکانی ژنان، بە دوای دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی و تاکاتی تەواوبوونی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی سنە ئازاد بوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو وێڕای حەوت چالاکی مەدەنی و کرێکاری دیکە، لە شەوی چوارشەممە ٢٧ی گوڵان، لە ماڵی بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی گیانبەختکردوو لە ڕاپەرینی خەلکی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون. هەر لەم ڕاستایەدا، بورهان سەعیدی برای هاجەر سەعیدی، کە مانگی ڕابردوو لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەیەکی کاتی و هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی لە زیندان ئازاد بوو. هاوکات، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان، شۆڕش محەممەدپوور تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئاویی تەنگیسەر، بە دوای دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد بوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان، لە کاتی چوون بۆ شوێنی کارەکەی لە شارۆچکەی سەنعەتی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو.