ئازادی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندان
دوشەممە ۱۵-۰۸-۱۴۰۲   |  06-11-2023
هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕکردنی ٤ مانگ لە سزاکەی، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بەشێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ئازاد بوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، “عومەر شەریف حاجی”، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی، بەشێوەی مەرجدار لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ئازاد بوو. عومەر شەریف حاجی، لە کاتی تێپەڕکردنی ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد سزای یەک ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرابوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی مەهاباد گواسترابوویەوە.