هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری شنۆ، دوای شەش مانگ و ٢٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون، لە ئاکامدا بەدانانی بارمتەی قورسی سێ ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد بوو.
ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممە، سەمەد شابۆیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی شاوانەی سەر بە شاری شنۆ، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندی ورمێ ئازاد بوو.
شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکرابوو و هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دراونەتە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ برای سەمەد شابۆیی، سیامەند شابۆیی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە تیرۆر کرا.
سەمەد شابۆیی، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ گەلاوێژ، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری شنۆ دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە.