ئازادی پوویا ڕۆستەمی پوور بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندان
شەممە ۱۳-۱۲-۱۴۰۱   |  04-03-2023
پوویا ڕۆستەمی پوور، ڕاهێنەری تۆپی پێی و خاوەن بڕوانامەی بواری بایۆشیمیی زانکۆی “ئازاد”ی شاری سنە کە نزیکەی یەک مانگە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئەمشارە دەستبەسەر کراوە، ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەشەممە بە دانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد بوو.
” پوویا ڕۆستەمی پوور”، تەمەن ٣٢ ساڵ، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن دەزگای دادوەریی ڕژیمەوە بە “هەوڵدان لە دژی ئاسایشی میللی” تۆمەتبار کرابوو. هێزە حکوومەتییەکان پاش ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرتبوو.