قەرارە حەوتەمین قۆناغی وتوێژەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام لەنێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی پێنج کۆ یەک لە هەشتەمی مانگی سەرماوەز لە ڤیەنی پایتەختی ئۆرتریش، واتە لەو جێگایە بەڕێوەبچێت کە پاش قۆناغی شەشەمی گفتوگۆکان لە جۆزەردانی رابردودا لەگەڵ عەراقچی بەوێ گەیشتبون. باقری کەنی جێگری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی رەئیسی جەلاد کە خۆی لەناو ریزی بناژۆخوازاندا لە نەیارانی سەرسەختی بەرجام لە سەردەمی دەوڵەتی روحانی دابو، سەرپەرستی تیمی دانوستانکاری کۆماری ئسیلامیی لەم وتوێژانەدا وەئەستۆ دەبێت.
هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بو کە گشت باڵەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ رێگایەکیان بێجگەلە تەسلیمبون و سازش و درێژەی وتوێژ لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی پێنج کۆ یەک نیە. هەربۆیە ئێستا پاش شەش مانگ دواخستنی وتوێژەکان مەجبور بون بگەڕێنەوە پای مێزی وتوێژ تا بەڵکو بەشێک لە گەمارۆکانیان لەم رێگەیەوە هەڵوەشێتەوە. دەوڵەتی رەئیسی و گشت باڵی بناژۆخواز کە روحانی و زەریفیان بەرواڵەت بە بیانوی مەیلی وتوێژکردن لەگەڵ ئەمریکا سەرزەنشت دەکرد، لە ئێستادا پاش شەش مانگ هەوڵی بێ ئاکام بۆ ئیمتیاز وەگرتن و گەیشتن بە پێگەی باشتر لە وتوێژوکان، لەرێگەی قەیران نانەوە لە ناوچەکە و جموجۆڵی نیزامی، بە بێ گەیشتن بە هیچ ئیمتازێک ناچار بون درێژەدانی وتوێژەکان قەبوڵ بکەن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بۆ دەستپێکی دوبارەی وتوێژەکان مەرجی هەڵوەشاندنەوەی هەمو تەحریمەکان و یان ئازادکردنی لانیکەم ١٠ ملیارد دۆلاری لە پارە بلۆکەکراوەکان دەهێنا گۆڕێ، لەئێستادا بە بێ وەدی هاتنی هیچ یەک لە خواستەکانی دەبێ بگەڕێتەوە سەر مێزی وتوێژ.
هەمو ئەو درۆودەلەسە و وتە ناتەبایانەی کە لەم پێوەندەدا کاربەدەستانی رژیم لە خامنەی و رەئیسیەوە بگرە تا باقیەکەیان، لە ماوەی شەش مانگی رابردودا دەرخواردی خەڵکیان داوە، پێشەکیەک بوە بۆ پاشەکشە کردن و هەزمی شکست بەرامبەر بە ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپایی ئەندامی بەرجام. خامنەی کە لە قسەکانی ئەمساڵیدا بە بۆنەی نەورۆز وتبوی: “داوای لابردنی تەحریمەکان لەوانەی وا تەحریمیان کردوین و قەبوڵی خواستەکانیان، بە واتای زیللەت و شکست و دواکەوتویە” و باسی نەک هەڵوەشاندنەوە بەڵکوو پووچەڵکردنی تەحریمەکانی دەکرد، لەم قۆناغەدا خۆی بێدەنگ کردوە تا لە داهاتودا بتوانێ لە شکست و تەسلیمبون لە وتوێژەکاندا پاکانە بۆ خۆی بکات. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی رژیم کە پێشتر باسی لە بنبەستی وتوێژەکان و بێهۆبونی دەکرد، رۆژی چوارشەممە ١٩ی گەڵاڕێزان رایگەیاند کە “ئامادەی گەیشتن بە رێکەوتنێکی باشە لە بەرجامدا و داوای لە هەمو لایەنەکان کرد کە بە بەڵێنەکانی بەرجام وەک بنەمای گرینگ و کارساز پێبەند بن”. سەعید خەتیبزادە وتەبێژی هەمان وەزارەتخانەش بۆ ئامانجی ناوخۆیی و فریوی خەڵک، باسی لە مەرجەکانی رژیم بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام کرد کە گۆیا گشت تەحریمەکان دەبێ یەکجێ و بەشێوەی کاریگەر هەڵوەشێنەوە و یان ئەمریکا دەبێ ئەوە قەبوڵ بکات کە لە چونەدەرەوە لە بەرجامدا خەتابار بوە و سێیەم ئەوەیکە زەمانەتی بکات کە ئیتر هیچ دەوڵەتێک لە بەرجام نەچێتە دەر. هەڵبەت ئەم سێ مەرجە دەسبەجێ لە لایەن سەرۆکی بەشی ئێرانی شۆرای ئاتلانتیک رەت کرانەوە. ئەو وتی “ئەمانە ئیمتیازاتێکن کە هیچ دەوڵەتێک لە ئەمریکا ناتوێ قەبوڵیان بکات و تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە تەحریمەکانەوە هەیە، زۆربەیان بەخاتری پشتیوانی لە تیرۆرریسم و پێشێلکاری مافی مرۆڤ داسەپاون و هەربۆیە پەیوەندیان بە بەرجامەوە نیە و هەروا دەمێننەوە”.
بەڵام ئەگەر لە روانگەی کۆماری ئیسلامیەوە قۆناغی حەوتەمی وتوێژەکان دەبێ تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی تەحریمەکان تەرخان بکرێت نەک تەوەرۆەکانیتر، بۆ ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی دیکە و تەنانەت بۆ روسیە و چینیش ئەم وتوێژانە پێویستە لە درێژەی گفتوگۆکانی شەش قۆناغی پێشو دابێت. وەزیری دەرەوەی فەڕانسە روبە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بە بێ وەستان هاوکاری کامڵی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەی وزەی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە. هەڵبەت ئەوە گشت مەرجەکانی دەوڵەتانی پێنج کۆ یەک نیە و هەر وەک پێشتریش رایانگەیاندوە، تەوەری سنوردارکردنی موشەکە بالێستیکەکان و گرینگتر لەوە، دەخاڵەت نەکردنی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق، لۆبنان، ئەفغانستان، یەمەن و سوریە تەوەرە سەرەکیەکانی ئەم وتوێژە پێکدێنێت. بەو ئامانجە کە کۆماری ئیسلامی نە تەنیا نابێ لەسەر رێگای بەڕێوەبردنی سیاسەت و پڕۆژەکانی ئەم دەوڵەتانە لە ناوچەکە کۆسپ بنێتەوە بەڵکو دەبێ لەگەڵیان بەکردەوە هاوئاهەنگ بێت و کێشە بۆ هاوپەیمانانیان نەخوڵقێنێت. ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی ئەوروپایی ناو رێکەوتنی بەرجام بەو دەلیلە خوازیاری گەڕاندنەوەی کۆماری ئسیلامی بۆ سەر مێزی وتوێژن تا کۆماری ئیسلامی لە باقی خواست و مەرجەکانیان ئاگادار بکەنەوە و پاشان بەسەریدا بسەپێنن. ئەم دەوڵەتانە هەتا ئێستا هیچ ئیمتیازێکیان بە کۆماری ئیسلامی نەداوە. باقری کەنیش دانی بەوە دانا کە ” ئەمریکا پاش چونەدەرەوەی لە رێکەوتنی بەرجام تەحریمە راگیراوەکانی دوبارە داسەپاندەوە و باقی تەحریمەکانی سێ ساڵ لەمەوبەریشی توندتر کردەوە”. هەروەها دەوڵەتی بایدێن رۆژی ١٨ی مانگی گەڵاڕێزان وەک هەمیشە باری نائاسای بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ یەک ساڵی دیکە درێژ کردەوە و رابێرت مالی نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێرانی رەوانەی وڵاتانی کەنداو کرد تا دەربارەی نیگەرانیان لە چالاکی تێکدەرانە و ناسەقامگیرکەری رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و قۆناغی حەوتەمی وتوێژەکانی بەرجام لەگەڵ هاوپەیمانانی هاوئاهەنگی پێکبێنێت. کەوابو لە وەها هاوسەنگیەکی هێزدا کە بە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە، ئەمریکا و و دەوڵەتانی ئەوروپایی نە تەنیا بەنیاز نین لە بەرامبەر زێدەخوازی و ملهوریەکانی کۆماری ئیسلامی دا کۆتا بێن بەڵکو رژیم زیاتریش دەخەنە ژێر گوشارەوە.
ئاشکرایە کە تەحریمەکانی ئەمریکا و دەوڵەتەکانیتر دژبە کۆماری ئیسلامی، لەو جێگەوە کە راستەوخۆ ژیان و گوزەرانی کرێکارن و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا سەخت و دژواتر دەکات، جەنایەتکارانە و ناڕەوایە و پێویستە هەڵوەشێنەوە. بەڵام ئەوەڵەن هۆکاری سەرەکی مانەوەی تەحریمەکان رەفتار و سیاسەتی داگیرکەرانە و جموجۆڵی نیزامی و خراپکاریی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بوە و دوەمەن تەحریمەکان نە هۆکاری سەرەکی، بەڵکو تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی توندبونەوەی قەیرانی ئابوری و ئیسفلاسی رژیمە. سێیەمەن، پێشینەی بارودۆخی فەلاکەتبارێک کە کۆماری ئیسلامی بەسەر ژیانی خەڵکیدا سەپاندوە بۆ بەر لە گەرمارۆکان دەگەڕێتەوە. بێگومان تا کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت، جەماوری ئێران لە چنگ کردەوە و سیاسەتەکانی ئەم رژیمە دژەئینسانە رزگاریان نابێت و پێویستە روخاندنی کۆماری ئیسلامی یەکەمین هەنگاوی خەبات لەم رێگایەدا بێت.