بەپێی دوایین ئامارەکان لە ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان،کە چەندین شاری تورکیە و سووریەی هەژاند، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و ئەو ڕێژەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە.
ئیدارەی بەڕێوەبەریی ڕووداوە لەناکاوەکانی تورکیە ڕایگەیاند: کە ئاماری قوربانییانی ئەو بومەلەرزەیە لە تورکیە گەیشتووەتە ٣١ هەزار و ٦٤٣ کەس و زیاتر لە ٦ هەزار و ٤٤٤ بینا و یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی ڕووخاون.
هەروەها ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی ڕایگەیاند: کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیاتر لە ٥٩٠٠ کەس لە سووریە بوونەتە قوربانی.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە هۆشداریی داوە کە ٨٧٠ هەزار کەس لە تورکیە و سووریە پێویستییان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە. هاوکات سەرووی ٥.٣ میلیۆن کەسیش بەهۆی بومەلەرزەکەوە ئاوارە بوون. ڕایشیگەیاند کە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە دەگاتە سەرووی ٥٠ هەزار .