فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاوارەیی و پەنابەری لە نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری؛ وتەیەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران
شەممە ۰۲-۰۴-۱۴۰۳   |  22-06-2024

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مانگی ژوئەن بەرابەر بە ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ٢٠٠١دا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناودێر کرا. ناولێنانی ڕۆژێک لە ساڵ بەناوی ڕۆژی پەنابەران، ئەم مرۆڤە وەگیانهاتوویانە لە نەهامەتییەکانی نیزامی سەرمایەداری و ڕووداوە سرووشتییەکان، لەژێر گوشاری بیروڕای گشتی و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخوازدا بە ئامانجی بەدواداچوون و تەرخانکردنی ئیمکاناتی ژیان بۆ پەنابەران بەسەر دەسەڵاتەکانی جیهاندا سەپا. بەداخەوە هەموو ساڵێ ملیۆنها کەس بە ژمارەی پەنابەران زیاد دەبێت.

کۆمیساریای پەنابەران دان بەوە دادەنێت کە: ”لە پشت ئەم ژمارە زۆر و ڕوو لە زیادبوونەی پەنابەرانەوە کارەساتی مرۆیی بێ ئەژمار شاراوەیە. کۆمەڵگەی جیهانی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هۆکارە ڕیشەییەکانی ئاوارەیی بێتە مەیدان”. سەرۆکی کۆمیتەی نێونەتەوەیی نەجات دەڵێ: ”ئەم ئامارە دڵتەزێنە سەلمێنەری سیستەمێکی نێونەتەوەیی ڕوو لە شکستە. لە کاتێکدا کە ٩٠%ی ئاوارەکانی لە وڵاتانی کەمداهات بەسەر دەبەن، حکوومەتە دەوڵەمەندەکان بەردەوام و بەشێوەی بەرچاو مافی وەرگرتنی پەنابەر سنووردارتر دەکەنەوە”. کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆی لە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣ ڕایگەیاند کە: ”بەهۆکاری پەرەسەندنی شەڕ و توندوتیژی و باقیی ڕووداوە سرووشتییەکان لە سەرتاسەریی جیهان تا مانگی مەی ئەمساڵ زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن کەس وڵاتی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون”. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ڕابردوو بەپێی ئاماری پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی پەنابەران لە سەرتاسەری جیهان گەیشتووەتە ڕەقەمی بێوێنەی ١١٣ ملیۆن کەس. وە ئەوەش نیشانەی چوونەسەری ٨%ی ژمارەی پەنابەرانە لەچاو ساڵی ڕابردوو. بە گوێرەی ئاماری ئەم کۆمیساریایە، ٣٠ ملیۆن کەس لە ئاوارەکان کە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، لە وڵاتی خۆیان ئاوارەن. هەر بەپێی ئەم ئامارە لە هەر دەقیقەیەکدا ٢٠ ئینسان ئاوارە دەبن. ئەم ئاوارانە هیچ ئاسۆیەکیان بۆ گەڕانەوە بۆ شار و دیاری خۆیان نییە و مەعلووم نییە چەند نەسلیان دەبێ لە ئاوارەییدا بەسەر ببەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی پەنابەری، وڵاتانی سووریە، ئەفغانستان، ئۆکراین، فەلەستین، سوودان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین پەنابەریان هەبووە. سووریە بە نزیکەی ١٤ ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆ و دەرەوە، زۆرترین ژمارەی ئاوارەی لە جیهاندا هەیە. سوودان بە ١١ ملیۆن ئاوارەوە لە پلەی دووهەمدایە. لە ئەفغانستان تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ و لەدوای هاتنە سەر کاری دووبارەی تاڵەبان زیاتر لە ٦ ملیۆن و نیو ئینسان ئاوارە بوون. ژمارەی ئاوارەکانی شەڕی ئۆکراین تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو گەیشتە ٦ ملیۆن کەس و لە شەڕی غەززەشدا هەتا ئێستا ٧٥%ی جەمعیەتی ٢ و نیو ملیۆنیی واتە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس ئاوارە و بێ خانە و لانە بوون و لەماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لەلایەن ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیلەوە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر کۆچیان پێکراوە.

قەیرانی پەنابەری لە سەدەی بیست و یەکدا بووەتە کارەساتی مرۆیی و پەڵەی شەرمەزاری بەناوچاوانی دەەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە. خاڵێکی دڵتەزێنی تر ئەوەیە کە بەپێی ڕاپۆرتی گرووپەکانی چاوەدێری لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار ئاوارە کە بۆ دەربازکردنی گیانی خۆیان لە مەترسیی شەڕ و برسیەتی ناچار بوون لە مەسیری دەریای مەدیتەرانەوە بەرەو وڵاتانی ئورووپا بڕۆن، لە دەریادا نوقم بوون و گیانیان لەدەستداوە. ئەم ئینسانانە کەوتوونەتە داوی مافیای قاچاغی ئینسان کە بە خاتری بەرژەوەندی ماددیی خۆیان دەیان و سەدان کەسیان خستووەتە بارودۆخێکی دژەئینسانییەوە. سواری بەلەمی کەم زەرفیەتیان دەکەن و بەمجۆرە گیانی ئەم ئینسانە ستەمدیدانە دەخەنە مەترسییەوە. بێگومان ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییانیش هەن کە ناویان لە هیچ ئامارێکدا تۆمار ناکرێت و بێسەر و شوێن دەبن.

لەڕاستیدا قەیرانی پەنابەری کە جیهان لەگەڵی بەرەوڕووە، ئاکامی تێکەڵبوون و هاوکاتبوونی قەیرانی ئابووری، شەڕی ناوچەیی و ئیمپریسالیستی، قەیرانی ژینگەی و باقیی ڕووداوە سرووشتییەکانە. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری سەرچاوەی سەرەکیی هەموو ئەم قەیرانانە لەوانە قەیرانی پەنابەرییە. سەرانی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بەردەوام بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر خەریکی نەخشە و پلانن بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەنابەران. ئەمڕۆ سیاسەتی دژەپەنابەری بووەتە دروشمی هەڵبژاردنەکانی حیزبە ڕاست و کۆنەپەرستەکان لە وڵاتانی ئورووپا و بەردەوام یاسای دژەئینسانیی سەختگرانەتر بۆ خستە ژێر گوشار و ڕێگریکردن لە پەنابەران دادەڕێژرێت. دەوڵەتانی تورکییە، یۆنان، ئیتالیا و وڵاتانی تر سنوورەکانی خۆیان بەرەوڕووی پەنابەران دادەخەن و ئەوان دەخەنە دژەئینسانیترین بارودۆخەوە و هێرشیان دەکەنە سەر.

ئەم نیزامە لە سات و سەودای لەگەڵ کۆنەپەرستترین و دژەئینسانی ترین حکوومەتەکانی جیهان، گیانی ئینسانەکان فیدای بەرژوەند و قازانجی سەرمایە دەکات. سازشی ئەمریکا لەگەڵ تاڵەبان و هێنانەوە سەر کاری ئەم تاقمە، ڕەقابەتی ئیمپریالیستی لەگەڵ ڕووسیە و داگیرساندنی شەڕی ئۆکراین، شەڕی ئێستای سوودان، میانمار، کۆنگۆ، لیبی، یەمەن، شەڕ و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و هیتر، هەر هەموویان بەشێک لە ستراتێژی نیزامی سەرمایەدارییە بۆ ڕەونەقی بازاڕی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی نیزامی. بەڵام ئاوارەیی و نەهامەتییەکانی شەڕ دەبێ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم وڵاتە تەحەمولی بکەن.

واقعیەت ئەوەیە کە نیزامی سەرمایەداری بەرەوڕووی قەیرانی قووڵ و مەزن بووەتەوە. پێویستە سیاسەتی دووڕوویانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری و ئیدیعای دیفاع لە مافی مرۆڤ و ئازادی و دیمۆکراسییان ڕیسوا بکرێت. تەنها ڕێگاچارەی ڕیشەیی ڕزگاری ئینسان لەم نەهامەتییانەی نیزامی سەرمایەداری لەوانە شەڕ و ئاوارەیی، لە گرەوی هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری جیهانی و ڕووخاندنی نیزامی ڕزیو و پرتووکاوی سەرمایەداری و لە گرەوی دامەزراندنی نیزامی سۆسیالیستیدایە.