چەندین ساڵە کە ئاوەڕۆ و پیسایی چەندین گوندی دەوروبەری زرێبار دەڕژێتە ئەو دەریاچەیە و ئەمە بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ژینگە و ئێکۆسیستمەکەی. بەڵام سەرەڕای پیسبوونی ئاوی بەشێک لە دەریاچەکە، خەڵکمەجبوورن بۆ خواردنەوە و پێداویستیی دیکە کەڵکی لێ وەردەگرن.
هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ئاوەڕۆی گوندی “کۆڵان” و چەندین گوندی دیکە دەڕژێتە ئەو کاناڵە ئاوییەی کە دەچێت بۆ نێو شار کە بۆ خواردنەوە و پێداویستیی دیکە کەڵکی لێ وەردەگیرێت. هاووڵاتییان هەروەها باسیان لەوە کردووە کە بە خەرجێکی کەم دەتواندرێت ئەو کێشە چارەسەر بکرێت و بۆ تێکەڵکردنەوەی ئاوەڕۆی ئەو چەند گوندە بە کاناڵی ئاوەڕۆی شارەوە تەنیا هەشتا میتر لوولە پێویستە بەڵام بەرپرسانی بێدەرەتانی ڕژیم نزیک بە چوار ساڵە کە ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر ناکرێ.
هاووڵاتییان ناڕەزایەتییان نیشان داوە و وتوویانە کە ئەو پیسایی و ئاوەڕۆیە هەڕەشەی بۆ سەر ژیانی منداڵان و هەموو هاووڵاتییان دروست کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لایەنی پەیوەندیداری ڕژیم ئیدیعا دەکەن کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئاوەکە کردووە و وتوویانە کە لە باری تەندروستییەوە هیچ کێشەیەکی نییە.