فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاکامی وێرانکەری شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین
یەکشەممە ۱۶-۰۷-۱۴۰۲   |  08-10-2023

شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و زیانەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، بارودۆخی ئابووریی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و تەنانەت دنیای خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئەم شەڕە بێجگەلە سەدان هەزار کوژراو و بریندار و ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ستەمدیدەی ئۆکراین، بووەتە هۆی گرانیی بەرینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە سەرانسەری جیهان و گوشارێکی بەرچاوی خستووەتە سەر ژیان و گوزەرانیان. درێژە و پەرەستاندنی ئەم شەڕە، لەئێستادا تەنانەت ئەو دەسەڵاتانەی وا خۆیان شەڕەکەیان داگیرساندووە نیگەران کردووە. ئەوان لەئاست دابینکردنی تێچووی ئەم شەڕە نیگەرانن. چەندین ساڵ بەر لەم شەڕە ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم شەڕە، چەک و کەرەستەی شەڕیان بۆ ئۆکراین دەنارد. بەر لە دەشتپێکی شەڕی ئۆکراین، جۆو بایدێن کە لە داگیرسانی ئەم شەڕە ئاگادار بوو داوای لە کەسانی ئەمریکایی دانیشتووی ئۆکراین کرد کە ئەم وڵاتە جێبهێڵن. ڕووسیەش زیاتر لە سەد هەزار هێزی نیزامیی خۆی لەسەر سنووری ئۆکراین جێگیر کردبوو. سەرۆککۆماری چین پشتیوانیی تەواوی دەوڵەتی چینی لە ڕووسیە بەرامبەر بە هێرشی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندبوو. ڕووسیە و چین دژی هەرجۆرە پێشڕەوییەکی ناتۆ بەرەو ڕۆژئاوای ڕووسیە و دژی ئەنجامدانی هەرجۆرە چالاکییەکی نیزامیی ئورووپا و ئەمریکا لە حەوزەی پاسیفیکدا بوون. بەرنامەیەک کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆی لەحاڵی ئامادەکاریدا بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی مانگی ڕەزبەر هەواڵنێریی ڕوویتێرز لەسەر زاری سەرۆکی کۆمیتەی نیزامیی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور ناسراو بە “ناتۆ” ڕایگەیاند کە ئەنبارەکانی چەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ نیوە بووە. ”ڕاب بائر” سەرۆکی کۆمیتەی نیزامیی ناتۆ وتی: ”بەلەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی بەرچاوی پاشەکەوتی چەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، کۆمپانیەکانی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی نیزامی، پێویستە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان بە زووترین کات بەرنە سەرێ”. ڕاپۆرتەکەی ڕوویتێرز لە درێژەدا دەنووسێت کە لە سەردەمی دەستپێکی هێرشی ڕووسیەوە بۆسەر ئۆکراین لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٢، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هەم لە هەوڵی ناردنی چەک بۆ ئۆکرایندا بوون و هەم بەردەوام هەوڵیان داوە ئەنبارەکانی چەکیان پڕ بکەنەوە. سەرۆکی کۆمیتەی نیزامیی ناتۆ هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١١ی مانگی ڕەزبەر لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیەتی لە لەهستان ڕایگەیاند کە: ”وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کە لە ئەنبارە نیوە پڕەکانی خۆیانەوە چەکیان بۆ ئۆکراین ناردووە، لەئێستادا ئەنبارەکانیان لە حاڵی تەوابوون دایە و کۆمپانیەکانی بەرهەمهێنانی چەک و دەوڵەتانی پێوەندیدار پێویستە بەرهەمهێنانی چەک لەئاستێکی بەریندا خێراتر بکەنەوە”. کەمبوونی چەک بۆ درێژەی شەڕی ئۆکراین گەیشتووەتە ئاستێک کە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا فەرمانی دا ئەو چەکانەی کە دێسامبری ساڵی ڕابردوو لە تەوقیفکردنی کەشتییەکی کۆماری ئیسلامی بەدەستیان هێنابوو، بۆ ئۆکراین بنێرن. (ئەم چەکانە بەشێک لەو کەرەستە نیزامییانە بوو کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کەشتی بۆ تیرۆریستەکانی حوسیی یەمەنی دەنارد).

ئەم بابەتە نشانی دەدات کە دەوڵەتانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامی ناتۆ دەیانهەوێ شەڕ لەگەڵ ڕووسیە درێژە بدەن و هەزینەکەشی بە خوێنی خەڵکی ئوکراین و سەربازانی هەر دوو لایەنی شەڕ و لە بژێوی خەڵکی جیهانەوە بدەن. هەفتەی ڕابردوو وەزیرانی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپاش بۆ جارێکی تر لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی خۆیان لە شەڕی ئۆکراین تەئکیدیان کرد. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وتی کە یەکیەتی ئورووپا یارمەتی نیزامی و ئابووری بۆ ئۆکراین زیاتر دەکات. ئەم هەزینە یەکجار بەرینەی کە بۆ ماشێن شەڕ و کوشتاری دەوڵەتانی ئیمپریالیستی تەرخان دەکرێ تا قازانج و بەرژەوەندی سەرمایە دابین بکات، بەهاکەی پەرەسەندنی هەژاری و برسیەتیی سەدان ملیۆن کەسی بووە لەئاستی جیهاندا. لەم پێوەندەدا وەزیری بەرگریی بریتانیا لە کۆبوونەوەی ئەمنیەتی ناتۆ لەپێناو پڕکردنەوەی دووبارەی ئەنبارەکانی چەکی خۆی ڕاگەیاند: ”ئێمە ناتوانین ئۆکراین بەتەنیا بێڵینەوە و دەبێ تا کاتێک کە شەڕ درێژەی هەیە چەکی پێویستی ئەم وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕووسیە دابین بکەین. بوودجەی نیزامیی ئێستا کەمە و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پێویستە لانیکەم دوو لەسەد لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی خۆیان وەک لانیکەمی ئاستی بوودجەی دیفاعی تەرخان بکەن”. بەپێی ئامارەکان لە کاتی دەستپێکی شەڕی ئۆکراین لە فێوریەی ساڵی ٢٠٢٢ەوە ئەمریکا ١١٣ ملیارد دۆلار چەک و کەرەستەی شەڕی داوەتە ئۆکراین. بریتانیا و دەوڵەتانی دیکەی ئەندامی ناتۆش هەزینەیەکی هاوشێوەیان لە گیرفانی خەڵکەوە بۆ شەڕی ئۆکراین تەرخان کردووە. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو یەکیەتیی ئورووپا بەستەیەکی دیکەی پێنج ملیارد دۆلاریی بۆ درێژەی شەڕ لە ئۆکراین پەسندکرد و قەرارە تا ساڵی ٢٠٢٧ بوودجەی ٥٠ ملیاردیەکی دیکەش بۆ شەڕی ئۆکراین تەرخان بکەن. جۆو بایدێن ڕایگەیاند کە: ”ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین پشتیوانیی ئەمریکا لە ئۆکراین ڕابگیرێت” و داوای لە گۆنگرەی ئەمریکا کردووە کە بەشێوەی جیاواز یارمەتیی چەند ملیارد دۆلاری بۆ ئەم شەڕە پەسند بکات.

بێگومان ئەنبارەکانی چەک و پاشەکەوتی ماڵیی لایەنی بەرامبەر واتە ڕووسیە و وڵاتانی هاوپەیمانیشی لە تەواوبووندایە. ڕووسیە هەتا ئێستا ٨٢ ملیارد دۆلاری بۆ شەڕی ئۆکراین هەزینە کردووە. دەوڵەتی ڕووسیە زیاتر لە ٦٥٠ ملیارد ڕووبلی لە بوودجەی ساڵی داهاتووش بۆ پەرەپێدانی ناوچە داگیرکراوەکان لە ئۆکراین تەرخان کردووە. بەم حاڵەوە سەرانی دەوڵەت لە کرێملینیش بەردەوام تەپڵی درێژە شەڕ دەکوتن و خۆیان بۆ شەڕێکی درێژماوە ئامادە دەکەن. وتەبێژی کۆشکی کرێملین هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەوان بۆ سەرکەوتن لەم شەڕە وەحشیانەیەدا، بە هیلاکبوونی دەوڵەتانی ڕۆئاوا لە شەڕ و سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوانیان ئۆمێدیان بەستووە.

بەمجۆرە لەماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا ئۆکراین بووەتە مەیدانی ڕەقابەت و شەڕی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی. بۆمب و مووشەکەکانی دوو لایەنی شەڕ بەسەر خەڵکی بێدیفاعی ئۆکرایندا دەبارێ. زۆربەی شار و گوندەکانی ئەم وڵاتە بوونەتە وێرانە. سەدان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون. ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتە وێران بووە و هەموو ئەمانە بەرهەم و ئاکامەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییەیە. ئەم شەڕە جەنایەتکارانە و دژەئینسانییە کە دوو بلۆک لە دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری دوای کۆتایی جیهانی یەک جەمسەری بەرپایان کردووە، شەڕی دەسەڵات بۆ دابەشکردنی دووبارەی جیهان و پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیانە. ئەم شەڕە، شەڕی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئۆکراین و ڕووسیە نییە و بێجگەلە نائەمنی و کوشتار و وێرانی و هەژاری و برسیەتی بۆ ئەوان و بۆ خەڵکی شوێنەکانی تری جیهان ئاکامێکی تری نەبووە. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە ڕووسیە و ئۆکراین و سەرانسەری جیهان هەروەک چۆن دژبە شەڕی ئەمریکا لە ڤیێتنام هاتنە سەر شەقامەکان، پێویستە دژبەم شەڕە دژەئینسانییەش ڕاپەڕن و لەئاستێکی بەریندا ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن. نیزامی سەرمایەداری بێجگەلە شەڕ و کوشتار، هەژاری، قووڵکردنەوەی بۆشایی چینایەتی و لەناوبردنی سرووشت هیچ دیارییەکی دیکەی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێ نییە. جیهان زیاتر لە هەموو کاتێک لەبەردەم هەڵبژاردنی نێوان بەربەرییەتی سەرمایەداری یان سۆسیالیزمدایە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co