ئایدا شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام) هەڕەشە کردن لە بنەماڵەکەی لە ئەگەری ئامادە بوون لەسەر مەزاری نیکا شاکەرەمی بڵاو کردەوە.
ئەم خوشکە دادخوازە بە ئاماژە کردن بەوەیکە لە حەوتووی ڕابردووەوە کەشی ئەمنییەتی لە دەوروبەری گڵکۆی خوشکەکەی تووندتر بووەتەوە نووسیویەتی: ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانەی بە نیاز بوون لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی نیکا ئامادە بن، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت، دەستگیر و هەڕەشەیان لێکراوە.
ئایدا شاکەرەمی لەم پۆستەدا جەختی کردۆتەوە کە لە لایەن کەسانی نەناسراوە پەیامی هەڕەشەئامێزی بۆ چووە کە “ئەگەر بچینە سەر مەزاری جگەرگۆشەکەمان دایکم دەستگیر دەکرێت و پێیان وتووە باشتر وایە بیر لە ئەمنییەتی من کە تاکە کچیم بکاتەوە.”
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، و هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی کوشتنی حکوومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی، ئاتەش شاکەرەمی پووری نیکا لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا ڕایگەیاند تەواوی ئەو ڕێگانەی دەگەنەوە بە گۆڕستانی حەیاتەلغەیب شوێنی ئەسپەردە کردنی نیکا داخراوە.
ناوبراو هەروەها نووسیبووی لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە زیان بە مەزاری نیکا گەیەندراوە و هەروەها ئاگردانی بەرد و قاپی ئاوی باڵندەکانیان شکاندووە و ئەو نەمامانەی لە دەوری چێنراون لەناویان بردووە.
گوشار بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەمە ٢٧ی خەرمانان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم چوونەتە ئەو گەڕەکەی ماڵی عیرفان خەزایی لێ بووە” و وێڕای “دڕاندنی بەنێرەکانی ساڵوەگەڕەکەی”، “هۆشداریان داوەتەوە بنەماڵەکەی کە ڕۆژی پێنجشەمە “٣٠ی خەرمانان کەسیان” مافی چوونە دەرەوە لە ماڵەوەی نییە.”
ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان، یەکەمین ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی ئەم لاوە ناڕازییەیە کە بە هۆی تەقەی فیشەکی جەنگی لە شەهریار گیانی لە دەست دا.