ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراین ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بۆ بەکارهێنانی دڕۆنەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاهێنان بە سەربازانی ڕووسیە لە سووریە دەکەن.
ڕاهێنانەکە بریتی لە بەکارهێنانی دڕۆنی “شاهێد” و “ڕەعد” لە بنکەی ئاسمانی “ئەلشەیرات” لە باکووری سووریە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەربازانی ڕووسیە لە کۆتایی ماوەی مەشق و ڕاهێنانەکانیاندا دەگەڕێنەوە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراین.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی ئۆکراین، ئەندامێکی حیزبوڵڵای لوبنان بە ناوی کەمال ئەبوو سدیق کە شارەزای بەرهەمهێنان و کارپێکردنی دڕۆنە، بەرپرسی مەشق و ڕاهێنانەکانی لە ئەستۆیە.
لە ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی ئۆکرایندا هاتووە کە جگە لە سەربازانی ڕووسیە، سەربازانی سووریەش بەشداری لەو مەشق و ڕاهێنانانەدا دەکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی زانست و تێکنۆلۆژیی دەریایی خامنەیی لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕژیمدا، ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.