ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی پووشپەڕ کەناڵی تێلێگرامیی “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیەمانیی سەنعەتی نەوت”، لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی بەردەوامی کرێکاران، لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لەژێرناوی کەمپەینی ١٤-١٤ ڕایگەیاند: ”هەر ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار هاوکاری ئێمە لە نزیک بە ٩٠ شیرکەتی جۆراوجۆری نەوت و گاز بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن”. مانگرتنەکە لە ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانەوە دەستیپێکرد و لەماوەی ئەم پێنج ڕۆژەدا بەرەبەرە ژمارەیەکی زیاتر لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکارانی پڕۆژەیی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی لە شارەکانی ئێران لەوانە کرماشان، تاران، عەسەلوویە، بووشێهر، ماهشەهر، کەنگان، سیرجان، ئیلام، دەشت عەباس، یەزد و شوێنەکانی دیکە بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. ئەم شۆرایە لە درێژەدا نووسیی: ”سێ داخوازیی خێرای ئێمە بریتین لە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی “١٤ ڕۆژ کار ١٤ ڕۆژ پشوو”، زیادکردنی حەقدەست و گرینگتر لە هەمووان لەسەرکارلابردنی پەیمانکارانی زەرووسفەت. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا بەردەوام لەسەر باشترکردنی بارودۆخی ژیان و کار بۆ نموونە باشترکردنی وەزعی خابگاکان، کوالیتیی خۆراک، ئیمکاناتی تەندروستیی گشتی خابگاکان (تەوالێت و حەمام)، کەرەستەی ساردکردنی ئاو و هەوا لە شوێنەکانی کار و ژیان و هەروەها ئیمەنیی شوێنی کار کە هەموو ڕۆژێ قوربانیمان لێ دەستێنێ تەئکیدمان کردووە”.
تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە زیادکردنی حەقدەستەوە هەیە، ” شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت”، جگە لە پشتیوانیکردنی لە ناڕەزایەتیی ساڵانی ڕابردووی کرێکاران، ڕۆژی ئەوەڵی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیش وێڕای حمایەت لە مانگرتنی کرێکارانی “پڕۆژەیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی”، بەلەبەرچاوگرتی چوونەسەری بەرچاوی تەوەرۆم، خوازیاری ئەوە بوو کە حەقدەست لە هەموو ئاستەکاندا پێویستە لانیکەم ٤٥ لەسەد زیاد بکرێت. کرێکاران هەر ئەو کات هەڕەشەیان کردبوو کە: ”ئەگەر هەتا کۆتایی مانگی جۆزەردان وڵام وەرنەگرینەوە و حەقدەست زیاد نەکرێ، ناڕەزایەتییەکانمان بەشێوەی بەرینتر بەڕێوە دەبەین”. هەربۆیە لەئێستادا کرێکاران بەهۆی جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان لەلایەن دەوڵەت و خاوەنکارەوە، هەڕەشەکەی خۆیان بەکردەوە دەرهێناوە و بە “شێوەی بەرینتر” هاتوونەتە مەیدان و هەموو هاوکارانیان بۆ پەیوەست بوون بە مانگرتن و یەکگرتن بانگەشە دەکەن.
داخوازییەکی ڕەوای دیکەی کرێکارانی پڕۆژەیی سەنعەتی نەوت کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە گرینگترینە، “لەسەرکارلابردنی خاوەنکارانی زەرووسفەت” یان هەڵوەشاندنەوەی خسووسی سازییە. ئەوان دەڵێن: ”دەیان ساڵە مافی ئێمە کرێکارانی نەوت لەلایەن مافیای خاوەنکارانەوە پێشێل کراوە. لەم سەنعەتە گرینگەدا بابەتی سەرەکی تاڵانکردنی هەرچی زیاتری ژیانی ئێمە و ملهوڕی کردنی زیاترە. ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دژەکرێکاری خسووسی سازی، بەشی “خواردەستی سەنعەتی نەوت” (واتە پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و تۆڕی گەیاندنی گاز و خزمەتگوزاری) بە بەشی خسووسی یان کەرتی تایبەت سپاردووە. تا وێڕای لابردنی بەرپرسایەتی لەسەر شانی خۆی، دووبەرەکایەتی لەناویاندا دروست بکات و بەخەیاڵی خۆی لە هاوخەباتییان ڕێگری بکات. هەڵبەت ڕژیم بە بەڕێوەبردنی خسووسی سازی، دەستی خاوەنکارانی ڕانتخۆر و بەڕاستی “زەرووسفەت”ی بۆ هەڵمژینی شیرەی گیانی کرێکاران ئاواڵە هێشتووەتەوە. ئەوان کاری سەخت و تاقەت پڕووکێن بە حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن. لەئێستادا کرێکارانی پڕۆژەیی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، هەڕەشەیان کردووە کە: ”ئەگەر وڵامی خواستەکانمان نەدرێتەوە، ئەگەر حەقدەست بەپێی داخوازیی ئێمە زیاد نەکرێ و هەڵاواردن لەبواری پێدانی حەقدەست و بارودۆخی کار لەناو نەچێت، بارودۆخ هەر بەم شێوەیە دەبێت و بەدڵنیاییەوە هاوکارانێکی زیاتر لە بەشەکانی دیکەوە بەم مانگرتنە پەیوەست دەبن”.
کرێکاران دەڵێن: ”لە هیچ دەورەیەک، لە بەرنامەی هیچ کام لە دەوڵەتەکانی ڕژیم و لە گەڵاڵەی هیچ بوودجەیەکدا ئێمە کرێکارانی نەوت جێگەمان نییە”. ڕژیمی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هیچ بایەخێکی بە خواست و داوای کرێکارانی سەنعەتی نەوت نەداوە و مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی بە سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە وڵام داونەتەوە، ئێستا لەوپەڕی بێشەرمیدا داوا لە کرێکاران دەکات کە لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا بەشداری بکەن. لەم پەیوەندییەدا “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی نەوت”، وڵامی لێبڕاوانەی کرێکارانی ڕوو بە ڕژیم ڕاگەیاند و نووسیی: “ئیتر بەسە، تەسلیمی کۆیلایەتی نابین. هەروەک خانەنشینکراوانی ئازیز لەسەر شەقام هاواریان کرد، هەروەک خەڵک دەنگیان هەڵبڕی، بڕیاری ئێمەش هەر ئەوەیە: “ڕەئی بێ ڕەئی، لە مافمان کۆتا نایەین”.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەرینی کرێکارانی پڕۆژەیی سەنعەتی نەوت، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی پووشپەڕ خانەنشینانیش لە درێژەی ناڕەزایەتیی لێبڕاوانەی هەفتانەی خۆیان لە زۆرێک لە شارەکان لەڕێگەی بەدەستەوەگرتنی بەنێر و پلاکارد، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. خانەنشینان بە دروشمە بەهێزەکانی وەک “تەنیا لەسەر شەقام، وەدی دێ مافمان”، “مۆنازرە باش بوو – بەڵام هەمووی درۆ بوو”، “ئاغازادە لە ئەمریکایە – تەوەرۆمی بۆ ئێمەیە”، “نەمێنێ کۆیلایەتی – بژی ژیان”، “مودەعیی عەداڵەت – خەجاڵەت خەجاڵەت”، “موعەلیمی زیندانی، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ”، ناوەرۆک و سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانیان ڕیسوا و مەحکووم کرد.
پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، موعەلیمان، پەرستاران، لە ناڕەزایەتی بە تەوەرۆم، گرانی، بێکاری و ئەوزاعی فەلاکەتباری مەعیشەتی، لەلایەکەوە و داسەپاندنی فەزای ئەمنیەتی، زەوتکردنی ئازادی، سەرکوت و زیندان و ئێعدام لەلایەکی دیکەوە سەلمێنەری ئەوپەڕی لاوازی و زەبوونیی حکوومەتی ئیسلامییە لە وڵامدانەوە بە داخوازیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری تەنیا ئامرازی بەهێزە لە ناو دەستی کرێکاران بەرامبەر بە ڕژیمی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامی. درێژەی مانگرتنی ڕێکخراو و سەرتاسەری هاوکات لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەنعەت و خزمەتگوزاری، دەتوانێ دەزگای سەرکوتی ڕژیم و دەسەڵات بەگشتی زەمینگیر بکات. بێگومان ئەوە ئەرکی مێژوویی چینی کرێکارە کە بە هاوڕێ کردنی زەرفیەت و پۆتانسیەلی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کە هەر ئێستا بەشێوەی چالاک لە کۆمەڵگادا لە جەریاندان، بیساتی حکوومەتی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی تێکەوەپێچێت و هەموو خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە چنگ ئەم دەسەڵاتە نگریسە ڕزگار بکات.