فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئێران بۆ بەر لە ئاخێزی مەهسا ناگەڕێتەوە
یەکشەممە ۱۰-۰۷-۱۴۰۱   |  02-10-2022
ئێران بۆ بەر لە ئاخێزی مەهسا ناگەڕێتەوە

سەرەڕای بەڕێوەچوونی حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو و کەشوهەوای توندی سەرکوت، پچڕانی ئینتەرنێتی مۆبایل و دەستگیریی بەرین، سەرەڕای ئەوەیکە کاربەدەستانی ئەمنییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە ئاژاوەکان کۆتاییان پێ هاتووە، بەڵام هەواڵ و گرتە ڤیدیۆی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشانی دەدات کە ناڕەزایەتی لەسەر شەقامی شارەکانی ئێران درێژەی هەیە. ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی مانگی ڕەزبەر، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز شەقامی شارەکانی تاران، مەسجد سولەیمان، بەندەرعەباس، مەشهەد، لاهیجان، سنە، ئیسفەهان، قۆم، ڕەشت، یەزد، شیراز، کرماشان، بۆکان، قیرو و کارزین و ئامۆلیان کرد بە مەیدانی ناڕەزایەتی دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. لە سنە سەرەڕای حزووری بەرینی هێزی سەرکوتگەر و تەقەکردنیان، ناڕازییان درووشمی مەرگ بەر دیکتاتۆریان وتەوە. لە مەشهەد ناڕازییان دەستیان دایە ڕێپێوان و هاواریان دەکرد: “دەکووژم دەکووژم، ئەوەی خوشکەکەمی کوشت”. لە ڕەشت سەرەڕای ئەوەیکە هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ بڵاوەپێکردن بە ناڕازییان چەکی جەنگییان بەکارهێنا بەڵام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە چەندین مەیدان و شەقامی شار درێژەی بوو. لە کرماشان سەرەڕای تەقەکردنی بەردەوامی هێزە ئەمنییەتییەکان، خەڵک درێژەیان بە ناڕەزایەتی دا. لە قۆمی پایتەختی مەلاکان، ناڕازییان بە درووشمی ” توپ تانک فشفشه، آخوند باید گم بشه” ناڕەزایەتییەکی بەرینیان بەڕێوەبرد. ناڕەزایەتییەکانی قۆم لەگەڵ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بوو بە شەڕ و تێکهەڵچوون و خۆپیشاندەران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم، لەسەر شەقام سەنگەربەندییان کرد. لە تاران لە گەڕەکی سادقییە و چەند گەڕەکی تر ناڕازییان بە درووشمی “مەرگ بەر دیکتاتۆر”، “مەرگ بەر خامنەیی” چوونە سەر شەقام و بانی ماڵەکان. لە قەرچەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، ناڕەزایەتیی خەڵک بەهۆی هێرشی بەکرێگیراوانی ڕێژیم بوو بە شەڕ و تێکهەڵچوون و سەرەنجام ناڕازییان توانییان فەرمانداری بگرنەوە. لە لاهیجان ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقام بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان بەریان بە حەرەکەتی هێزە سەرکوتگەرەکان گرت.

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا ڕۆژی پێنجشەممە و ڕۆژی هەینی ٨ی مانگی ڕەزبەر، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ئەهواز لە چەند شەقامی شار دەستیان کرد بە ڕێپێوان و ژنان بە بێ ڕووسەری و لە حاڵێکدا کە ڕووسەرییەکانیان هەڵدەسووڕاند، درووشمی مەرگ بەر خامنەیی و مەرگ بەر دیکتاتۆریان وتەوە. شۆفیرەکانیش بە نیشانەی پشتیوانی بە بەردەوامی بۆقیان لێدەدا. کاتژمێر دە و نیوی ڕۆژی هەینی ناڕازییان لە شاری ئەردەبیلیش هاتنە سەر شەقام و درووشمی دژەحکوومەتییان وتەوە و لەگەڵ هێرشی هێزی ئەمنییەتیی مۆتۆرسوار، بە درووشمی “مەترسن مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین” بەرەنگاریان بوونەوە. هەروەها هەر لەم ڕۆژەدا ژمارەیەکی بەرین لە ناڕازییان دژبە دەستدرێژیی فەرماندەیەکی هێزی ئینتزامی بۆسەر کچێکی ١٥ ساڵ تەمەن و بەنیشانەی ناڕەزایەتی دژبە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا هاتنە سەر شەقام و دژبە ڕێژیم درووشمیان وتەوە و بەهۆی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانەوە ژمارەیەک لە ناڕازییان برینداربوون. شەقامەکانی شاری شیرازیش ڕۆژی هەینی لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا بوو بە مەیدانی ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لاوانیش بە هاویشتی بەرد بەرەنگاریان بوونەوە.

ئەم ئاخێزە کە دوو هەفتەیە درێژەی هەیە، هەروەک ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، کاریگەریی ماندگار لەسەر ڕەوتی باروودۆخی سیاسی و خەباتی چینایەتیی لە ئێران دادەنێت. ئەم ئاخێزە، ئامانجی ڕێژیم واتە توندکردنەوەی سەرکوت بۆ ڕێگری کردن لە یەکگرتنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی بەرەوڕووی شکست کردەوە. پێشەنگایەتیی ژنان لەم ناڕەزایەتییانەدا و درووشم و کردەوەی سیمبۆلیکیان، پایەی ئایدیۆلۆژیکی ڕێژیمی ئسیلامیی وێران کرد. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چووەتە قۆناخێکی نوێوە. ئەم ئاخێزە قەیرانی ناو دەسەڵاتی توندتر کردووە و یەکڕیزیی هێزە سەرکوتگەرەکانی بەشێوەی بەرچاو تێکداوە. هاوسەنگیی هێزی نێوان بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی پێشڕەوی ناڕەزایەتی لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەگۆڕدرێت. ئەم ئاخێزە زانکۆی پەروەردەکردنی ڕێبەرانی مەحەلی بوو. نەسلی ڕێبەرانێک کە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیان هیدایەت کرد  ئەگەرچی لاو بوون، بەڵام ئەزموونی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، ئاخێزی ئاو لە خووزستان و ئیسفەهانیان لە کارنامەی خەبات و گیانفیدایی خۆیاندا هەبوو و بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی ئاخێزی ئێستا متمانەبەخۆیی زیاتریان پەیدا کردووە. ئەم ئاخێزە، هەوڵ بۆ ڕێکخستنی کارخانە و گەڕەکی شارەکان دەباتە قۆناخێکی نوێوە. لەو جێگەوە کە ناڕازییان ژانی هاوبەشیان لەسەر شەقام هاوار دەکرد، هێزی هاوپشتیی لەناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا بەهێز کرد. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەهسا هەروەک ئاخێزەکانی پێشوو هێزێکی تازەی بە بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵگە بەخشیوە و ڕووحییەی تەعەڕوزیتر و تەهاجومیتر بە ناڕەزایەتییەکان دەدات. بێگومان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ کۆمەڵگەی ئێران بۆ قۆناخی بەرلە مەهسا بگەڕێنێتەوە.

ئاخێزی مەهسا ئەگەرچی گوڕوتین و هیوایەکی مەزنی لە کۆمەڵگەدا پێک هێناوە، بەڵام درێژە و پێشڕەوییەکەی لە گرەوی سەرانسەریتر بوونەوە، جەماوەریتر بوونەوە و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سەرانسەریدایە. هەر ئەندازە ئەم ئاخێزە سەرانسەریتر بێتەوە و پارێزگا و شاری زیاتر لە خۆ بگرێت، دەتوانێ لە چڕبوونەوەی هێزی سەرکوتگەری دوژمن لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم خەباتە ڕێگری بکات. جەماوەریتر بوونەوەی ئەم ئاخێزە مانعی ئەوە دەبێت کە هێزە سەرکوتگەرەکان بتوانن ڕێزی ناڕازییان پڕژوبڵاو بکەن و ئەم ناڕەزایەتییانە بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. چینی کرێکار کە بێگومان دڵی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات، ئەگەر بە مانگرتنی سەرانسەری بێتە مەیدان دەتوانێ  ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات. کرێکارانی هەفت تەپە، کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمییەکان، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ئازەرئاب و هێپکۆی ئەراک، کرێکارانی مەعدەن و ڕێگەی ئاسن، مامۆستایان و باقیی بەشەکانی چینی کرێکار کە بە مانگرتنی شکۆداری خۆیان بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە دژبەم باروودۆخەیان پێکهێناوە، ئێستا دەتوانن بە مانگرتن واتە بەم چەکە بەهێزەی خۆیانەوە بێنە مەیدان، و کارخانە و شەقام پێکەوە پەیوەند بدەن و پاشەکشە بە هێزی سەرکوتی ڕێژیم بکەن و پێشڕەویی ئەم ئاخێزەی ئێستا زەمانەت بکەن.

وتە ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co