ڕاپۆرتی کۆمپانیایەکی چالاک لە بواری دەستڕاگەیشتن بە ئینترنێتی ئازاد دەری دەخات کە لە زستان و بەهاری ڕابردوودا، ئێران “زۆرترین ژمارەی سنووردارکردنی ئینترنێتی لە جیهاندا هەبووە”.
ماڵپەڕی “سورفشارک” کە لە بواری ئینترنێتی ئازاددا چالاکە، باس لەوە دەکات کە ژمارەی ئەو سنووردارکردنە نوێیانەی ئینترنێت لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ کراون لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی بابەتەکان سەهمی ئێرانە.
لەسەرووبەندی ساڵرۆژی ئاخێزە جەماوەریەکان و چوونەسەرەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران کە لەگەڵ قەتلی حکوومەتی ژینا ئەمینی بەدەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا، کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوتکردنی ناڕازییان، سنووردارکردنی ئینتێرنێتی چڕتر کردەوە.
ڕاپۆرتێکی ساڵانەی ئەم ماڵپەڕە باس لەوە دەکات کە ٨٠٪ی بەکارهێنەرانی ناوخۆی ئێران بەربەستشکێن(فیلتر شکن) بەکاردەهێنن و دوای ئێران، هێندووستان و پاکستان زۆرترین ڕێژەی سنووردارکردنیان لەسەر ئینترنێت جێبەجێ کردووە.
ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە جیهاندا، ٢٩ وڵات بە شێوازی جیاواز سنووردارکردنی ئینترنێت جێبەجێ دەکەن و ١٥ وڵاتی ئاسیاییش زۆرترین پشکیان لە سانسۆرکردنی ئینترنێت لە جیهاندا هەیە.