ئێعدامی بەندکراوێک لە زیندانی ناوەندی سەقز
دوشەممە ۰۶-۰۶-۱۴۰۲   |  28-08-2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی “وەفا خەرامانی”، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم بەندکراوە دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. جێگای ئاماژەیە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕژیم بڵاو نەکراوەتەوە.