فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئێعدامی بەندکراوێکی عەقیدەتی لە زیندانی ناوەندی ورمێ
پێنجشەممە ۰۴-۰۵-۱۴۰۳   |  25-07-2024

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژ، حوکمی ئێعدامی “کامران شێخە”، بەندکراوی عەقیدەتی و خەڵکی مەهاباد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو دوێنێ چوارشەممە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دابوو و بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە گواسترابوویەوە. جێگای ئاماژەیە، کامران شێخە حەوتەمین و دوایین تۆمەتباری دۆسیەیەکی هاوبەش بووە لە دۆسیەیەکی ناڕوون، نا دادپەروەرانە و نایاسایی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاندبو و لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا هەر ٧ کەسەکەیان پاش ١٥ ساڵ بەندکران لەسێدارە دراون. کامران شێخە و شەش هاودۆسیەیی دیکەی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی “عەبدولڕەحیم تینا” خەڵکی گوندی لج سەر بە شاری مەهاباد، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی”، “پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت”، “ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان” و “افساد فی الأرض” حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٤ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندرایەوە. لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٦ ئەو حەوت کەسە بە تۆمەتی “افساد فی الأرض” جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرایەوە.