ئێعدامی زیندانیەک لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ
چوارشەممە ۱۰-۱۲-۱۴۰۱   |  01-03-2023
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ڕەشەمە سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی دووکانلوو، بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری ورمێ کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بەسەریدا سەپابوو، جێبەجێ کرا.
هاوکات دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ڕامین شێرزاد و جەلال تاهیری کە ئەوانیش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لەسەر ڕەزامەندیی بنەماڵەی قوربانییەکان بە خوێنبایی، سزاکەیان هەڵوەشایەوە.
ئەو بەندکراوانە کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەشەمە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە شاری ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان، بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواسترابوونەوە.