لەماوەی یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم شەش بەندکراو بە تۆمەتی “تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” لەسەر بڕیاری دەسەڵاتی دادپەروەری ڕژیم لە زیندانەکانی زاهێدان، ئەراک و شیراز ئێعدام کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەر، حوکمی ئێعدامی “سەعید عەلی زێهی” تەمەن ٢٥ ساڵ و “ئیسماعیل عەلی زێهی” تەمەن ٢٩ ساڵ کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پێوەندیدار بە مەوادی مۆخەدێر” دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی ناوەندی زاهێدان بەکردەوە دەرهات. هەروەها سەرلە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەر، “حسێن گوڵمحەممەدی” تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی ئەراک، بە هەمان تۆمەت لە زیندانی ناوەندی ئەمشارە ئێعدام کرا. لە لایەکی دیکەوە حوکمی ئێعدامی سێ بەندکراو لە زیندانی ناوەندی شیراز بە ناوەکانی، “شەهاب سادقی زادە” ٣١ ساڵ تەمەن، “مەنسوور تەقوایی” ٣٥ ساڵ تەمەن هەردووکیان خەڵکی ئەرسەنجان و “حەیدەر ساڵخۆردە” خەڵکی شیراز، بە تۆمەتی “تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” بەکردەوە دەرهات. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ماوەی ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ تا ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، لانیکەم ٦٥٩ هاووڵاتیی لەوانە ١٧ ژن و منداڵێک ئێعدام کراون کە ئەم ڕێژەیە لەچاو ساڵی پێشووتری، نزیکەی ٢٤ لەسەد پەرەیسەندووە. جێگای ئاماژەیە، لەم ژمارەیە ٩ کەسیان لەبەر چاوی خەڵک ئێعدام کراون.