بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا (لە ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژ تا ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ)، لانیکەم سزای سێدارەی ٢٤ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین ئاماری سزای سێدارەی بەندکراوان لە زیندانی ناوەندیی مەرەند جێبەجێ کراوە کە ٥ بەندکراو بووە. هەروەها ٤ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی کەرەج، ٣ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان و لە زیندانەکانی ئەراک، شیراز، مەشهەد و کرمان هەرکامیان دوو بەندکراو و هەروەها لە زیندانەکانی دیزفوول، قەزوێن، نەیشابوور و یاسووج هەرکامیان لەسێدارەدانی بەندکراوێک تۆمار کراوە. لە کۆی گشتیی ئەو ٢٤ بەندکراوەی کە لەسێدارە دراون، لانیکەم ١٦ بەندکراو، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایە بەسەریاندا سەپاوە. هەروەها ٥ بەندکراوی دیکەیان بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و ٢ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و بەندکراوێکیش بە تۆمەتی دزیی چەکدارانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە.