سەرلە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان، بە ناوەکانی “ئەمیرحسێن ڕەحیمی” ٣٦ ساڵ تەمەن و خەڵکی ئیسفەهان، “عەلی ڕۆستەمی” ٢٨ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاهین شار، بەکردەوە دەرهات.
هاوکات، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “جەعفەر میرزاقاسمی” ٣٥ ساڵ تەمەن و خەڵکی تەورێز، لە زیندانی ناوەندیی زەنجان بەکردەوە دەرهاتووە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز، “ڕەزا شەهبازی خەلاری” خەڵکی شیراز، لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە ئێعدام کرا. جێگای ئاماژەیە، ئەمیرحسێن ڕەحیمی لە ٦ ساڵ لەمەوبەر و عەلی ڕۆستەمی لە ٣ ساڵ لەمەوبەرەوە و هەروەها ڕەزا شەهبازی خەلاری بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون. هەروەها جەعفەر میرزاقاسمی لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو. هەر لەم پێۆەندەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز، حوکمی ئێعدامی “عەلیڕەزا نووریان” تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی ئیسفەراین لە زیندانی وەکێڵ ئابادی مەشهەد جێبەجێ کرا. شایانی باسە، ئەو بەندکراوە لە ٣ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و لە لایەن دادگای ڕژیم بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.