سەرلە بەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانبار، چوار بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی “مەحاربە و فساد و فی ئارز” لە ڕێگەی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، حوکمەکەیان لە زیندانی ناوەندی ورمێ بەکردەوە دەرهات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و نەسیم نەمازی”، ئەو بەندکراوانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترابوونەوە. جێگای ئاماژەیە، سزای سێدارەی ئەم چوار بەندکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات پشتڕاست کرابوویەوە و سزای سێدارەی مەنسوور ڕەسووڵی هەڵوەشاوەتەوە و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە. شایانی باسە، بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵیان بووە و ئێستا تەواوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی زیندانی ورمێ بەستراوە. وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو، مەنسوور ڕەسووڵی و نەسیم نەمازی، کۆتایییەکانی مانگی بەفرانباری پارەکە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ، بە تۆمەتی” بەشداریکردن لە هاوکاری ئیتلاعاتی و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها ئەو دادگا بە تۆمەتی هاوشێوە، کامران هەنارە، فەخرەددین دوودکانلووی میلان، ئەشکان عوسمانزادە گەندووک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگچین، پێنج بەندکراوی دیکەی خەڵکی ورمێ، هەریەک سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. لەو بەینەدا ناوی مەنسوور ڕەسووڵی، لە نێوان ئەو پێنج بەندکراوەی کە سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ناسراوترە. پێشتر وێنە و ڤیدیۆکانی بەناوی “لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە” لە ناوبراو لەلایەن “گرووپەکانی سەر بە ئیسرائیل” بڵاو کرابوویەوە. ئەو دە بەندکراوەی خەڵکی ورمێ، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوون. ئەو هاووڵاتییانە هەرکام چەند مانگیان لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی تێپەڕ کردووە.