لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا نێردراوی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا و کانەدا لە ڕێگەی دەرکردنی بەیانییەیەکەوە بە بۆنەی هەزارەمین ڕۆژی دەستبەسەرکردنی “عوسمان کاوالا” یەکێک لە چالاکانی سیاسی کۆمەڵایەتی لە تورکییه، لەئاست پێشێلکردنی دیمۆکراسی و سەروەریی یاسا لە تورکییه ناڕەزایەتییان دەربڕی و سیتستەمی قەزایی ئەم وڵاتەیان بردە ژێر پرسیارەوە. ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکییه ڕۆژی پێنجشەممە 21ی ئۆکتۆبەر دەستبەجێ کاردانەوەیەکی پەشۆکاوانەی نیسبەت بەم بەیانییە نیشان دا و ئەم کردەوەیەی سەرەڕۆیی ناولێنا و فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوە دا تا نێردراوانی دە وڵاتی کانەدا، فەڕانسە، ئاڵمان، هۆلەند، ئەمریکا، سۆئێد، نۆروێژ، فەنلاند، دانمانک و نیۆزیلەند بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگ بکەن و داوایان لێبکەن کە هەرچی زووتر تورکییه جێبهێڵن. هەڵبەت وتەکانی ئەرۆدۆغان تەنیا بلۆفێکی سیاسی بوو و بەکردەوە دەرنەهات. وەزارەتی دەرەوەی تورکییەش لەم پێوەندەدا گوێی بە وتەکانی ئەرۆغان نەدا. هەڵبەت نێردراوانی ئەم وڵاتانەش ڕایانگەیاند کە وەها فەرمانێکیان پێنەدراوە.
وتەی دیکتاتۆرانە و لە هەمان حاڵدا نەزانانەی ئەردۆغان بۆ جارێکی دیکە تورکییەی بەرەوڕووی قەیرانێکی سیاسیی دیکە کردەوە و لەگەڵ کاردانەوەی توندی یەکیەتیی ئەورووپا بەرەوڕوو بووەوە. سەرۆکی پەرلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا هەڵوێستی ئەردۆغانی نیشانەی ئاراستەی دیکتاتۆریی ناوبراو پێناسەکرد. وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ وێڕای مەحکووم کردنی ئەم قسانە داوای لە تورکییە کرد کە “پایبەند بە ستانداردی دیمۆکراتیک و سەروەری یاسا بێت و بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی مرۆڤ هەڵسووکەوت بکات”. حیزبەکانی ئاڵمانیش هێرشیان کردە سەر وتەکانی ئەردۆغان و ناعاقڵانە و غەیرە دیپلۆماتیک پێناسەیان کرد و تا جێگایەک چوونە بەرەوە کە جێگری سەرۆکی پەرەلمانی ئاڵمان خوازیاری تەحریمی تورکییه بوو. لە ناوخۆی تورکییەش حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان لەئاست ئەم بڕیارەی ئەردۆغان کاردانەوەیان نیشان دا و نیگەرانییان دەربڕی. کەماڵ قلیچدار ئۆغڵۆ ڕێبەری حیزبی کۆماری گەلی تورکییه (جەهەپە) و ڕێبەری گەورەترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی تۆرکییە ئەم فەرمانەی ئەردۆغانی هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵک لە کێشە ئابوورییەکان و دابەزینی ئەرزشی لیر پێناسەکرد و وتی: “ئەردۆغان بەخێرایی ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەبات”. عەبدوڵڵا گول، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکییه و یاری پێشووی ئەردۆغانیش لە کاردانەوە بە وتەکانی ئەردۆغان وتی: “گەورە کردنەوەی ئەم بابەتە و قەیران نانەوە بە قازانجی تورکییه نییە”.
بەڵام دواهاتی نەرێنیی وەها هەڕەشەیەکی نەزانانە بەر لە هەموو شتێک، شۆکێکی لە بازاڕ و ئابووریی ئەم وڵاتە دا و ئەزرشی لیری تورکییەی لە بەرامبەر باقیی دراوەکانی دیکە زیاتر هێنایە خوارێ و گەیشتە خوارترین ئاستی خۆی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا. کردەوەی سەرکوتگەرانەی ناوخۆ و سیاسەتی شەرئەنگێزانە و زێدەخوازانە و دەستتێوەردانی دەرەکی ئەردۆغان بەتایبەت پاش کودتای کەزایی ساڵی 2016 هەتا ئێستا بووەتە هۆی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری لە تورکییه و ئاووریی تورکییه لەگەڵ ناسەقامگیری بەرەوەڕوو کردووەتەوە. لەم ماوەیەدا تەوەرۆم یەک ڕەقەمی گەیشتووەتە 20 لەسەد و ئەرزشی لیری تورکییه لە چاو دراوە موعتەبەرەکان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت پاش گرژی دەسەڵاتی تورکییە لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوڕووپایی و ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو هاتووەتە خوارێ. تا جێگایەک کە ئەگەر لە ساڵی 2008دا هەر دۆلارێک 14.1 دەهۆمی لیری تورکی موعامەلە دەکرا لە ئێستادا بە 80.9 لیر دەگۆڕدرێتەوە.
لەگەڵ دامرکانی ئەم کێشمەکێشە، میدیا دەوڵەتییەکانی تورکییه وایان نواند کە گۆیا باڵوێزخانەکانی ئەم دەوڵەتانە لە هەڵوێستی خۆیان پاشگەز بوون، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کاردانەوانە لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئەردۆغانی لە هەڵەی ئاشکرای خۆی تێگەیاند و لە دانشتنی هەیئەتی دەوڵەتی ئەم وڵاتەدا بەشێوەیەکی سەرشۆڕانە پاشەکشەی کرد و ڕایگەیاند کە “ئامانجی ئەو درووستکردنی قەیران نەبووە بەڵکوو لە مافی دەسەڵاتداریی تورکییه دیفاعی کردووە و ئەم نێردراوانە لە داهاتوودا قایمکارتر دەبن”. بەمجۆرە بوو کە ئەردۆغان دیسان شکست و ڕسواییەکی دیکەی بۆ خۆی تۆمار کرد.
بەڵام ئەوە یەکەم جار نییە کە ئەردۆغان لە بواری سیاسەتی نێونەتەوەیی و ناوچەییدا لە پێگەی سۆڵتانی ئیمپراتووریی عوسمانیدا تووشی خۆ گەورەبینی دەبێت و هەڵەی ئاشکرا نەنجام دەدات و نە عوسمان کاوالاش یەکەم کەسە کە دەبێتە قوربانیی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و فاشیستیی ئەردۆغان. عوسمان کاوالا شارەزای بواری ئابووری و یەکێک لە چالاکانی کلتووری و مافی مرۆڤە کە ڕێکخراوێکی بەناوی “ئانادۆلو کلتوور” پێکهێنابوو و لە ئازادیی ڕادەربڕین، جیایی دین لە دەوڵەت و مافی کەمینەکان لەوانە کوردەکان پشتیوانیی دەکرد و هەر بەم هۆکارەش، دۆسیە بەدوای دۆسیەیان بۆ پێکهێنا. هاوکات لەگەڵ دەستگیریی ناوبراو لە ساڵی 2016 “سەلاحەدین دەمیرتاش” و “فیگێن یوکسێک داغ” ڕێبەرانی حیزبی دیمۆکراتی گەلان (هەدەپە) سێهەمین حیزبی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنیش لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی ئەم حیزبە دەستبەسەر کران. تۆمەتی ساختەی هەموو ئەم کەسانە هەروەک عوسمان کاوالا، تیرۆریست بوون، بووە. بەڵام لەڕاستیدا تیرۆریستی سەرەکی خودی ئەردۆغانە کە هەتا ئێستا بە وەڕێخستنی تیرۆریسمی دەوڵەتی هەزاران کەسی لە ڕووناکبیران، نووسەران، ڕۆژنامەوانان، پارێزەران و چالاکانی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکییه تیرۆر کردووە. نموونەی بەرچاوی ئەم تیرۆرانە، تیرۆری “تاهیر ئیلچی” سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی شاری دیاربەکرد لە کاتی پێشکەش کردنی وتار و دەعوەت بە ئاشتی لە ساڵی 2015 بوو کە لە ڕۆژی ڕووناکدا و لە بەرامبەر دووربینەکاندا لەلایەن بەکرگیراوانی دەزگای تیرۆریستیی ئەدۆغانەوە تیرۆر کرا.
کردەوەی سەرکوتگەرانەی ناوخۆ لە پەنا سیاسەتی وەک سێناریۆی دەرکردنی نێردراوانی ئەم دە وڵاتە، بە بارمتە گرتنی پەنابەران بۆ گرەوکەشی لە دەوڵەتەکان، سیاسەتی داگیرکەرانە و زێدەخوازانەی دەوڵەتی تورکییە لە دەستدرێژی بۆسەر کوردستانی عێراق و سووریە و لیبی و شوێنەکانی دیکە و جەنایاتێک کە لەم ناوچانە بە کەڵک وەگرتن لە ئەرتەشی داگیرکەری تورکییه و گرووپە بەکرێگیراوە ئیسلامییە دەستسازەکان ئەنجامی داوە، هەر هەموویان بەرەوڕووی شکست بوونەتەوە. ئەردۆغان بە بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتانە و شانۆی پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە درێژ کردنەوەی دوو ساڵەی عەمەلیاتی ئەرتەشی داگیرکەری خۆی لە عێراق و سووریە، نەتەنیا نەیتوانیوە لە بەرینایی قەیرانی ئابووریی تورکییە کەم بکاتەوە بەڵکوو باروودۆخی ئابووریی ئەم وڵاتەی خراپتریش کردووە و هەژاری و فەلاکەتێکی زیاتری بەسەر کرێکاران و باقیی توێژە هەژارەکانی تورکییەدا سەپاندووە. ئەردۆغان بەم کردەوانە نەتەنیا ناتوانێ سەرەنجی بیروڕای گشتیی خەڵکی تورکییه لە باروودۆخی نالەباریی بژێویی بەلاڕێدابەرێت، بەڵکوو لەلایەن بیروڕای گشتییەوە وەک دیکتاتۆرێکی زاڵم و بێزراوە و هۆکاری هەژاری و بێکاری دەناسرێت.