فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئەشکەنجە درانی سێ زیندانی بەر لەوەی لە سێدارە بدرێن
سێشەممە ۰۸-۱۲-۱۴۰۲   |  27-02-2024

دوای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر لەسێدارەدانی “وەفا هەنارە”، “ئارام عومەریی‌بەردیانی”، “ڕەحمان پەڕحازوو” و “نەسیم نەمازی” کە بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە هاوکاریی هەواڵگری و سیخوڕی بۆ ئیسراییل” لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران، هەر یەکە لە وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو پێش جێبەجێکردنی سزاکەیان لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا بە سەختی ئەشکەنجە دراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: «نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە، لیژنەیەک لە تارانەوە سەردانی زیندانی ناوەندیی ورمێان کردبوو و ئارام عومەریی بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و وەفا هەنارەیان بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندان بانگهێشت کردبوو و پێیان ڕاگەیاندبوون کە ئەگەر پەشیمانی دەرببڕن دۆسیەکەیان دەنێردرێتە بەردەم کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری و دەکەونە بەر لێخۆشبوونەوە. ئەوانیش بەبێ ئەوەی مۆڵەتی خوێندنەوەی نامەکەیان پێ بدرێت، واژۆیان کردبوو».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتێکدا کە ئەم ٣ بەندکراوە چاوەڕێی وەڵام لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوونیان دەکرد، ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران و پاش دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا تێگەیشتن کە بە پێچەوانەی بانگەشەی پێشوو کە باس لە ئەگەری لێخۆشبوونیانی دەکرد، وا بڕیارە سزاکەیان جێبەجێ بکرێت: «هەر بۆیە چەند کاتژمێرێک پێش جێبەجێکردنی سزاکە لە ژووری تاکەکەسیدا دەنگیان هەڵبڕی و دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کرد. هێزەکانی زیندانیش هێرشیان کردە سەر ژوورەکەیان و بە باتۆم کەوتنە گیانیان و بە سەختی برینداریان کردن، پاشان سەرەڕای ئەوەی جەستەی هەرسێکیان خوێناوڵ ببوو، بەسەر زەویدا ڕایان کێشان و بە مەبەستی لەسێدارەدان بردنیانە شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە، ئەم بەندکراوانە تا دواساتی لەسێدارەدان هاواریان دەکرد و دەیانوت ئێمە بێتاوانین، لە سێدارەمان مەدەن».
بەپێی زانیاریەکان، سەرەڕای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢دا، تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و تا ئێستایش دیار نییە لە کوێ بەخاک سپێردراون.