ڕێکخراوێكی بەریتانی ڕایدهگهیهنێت، “لەماوەی داهاتوودا دانیشتووانی جیهان بەهۆی پەتای کۆڕۆناو نەبوونی یەکسانیی و بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکانەوە کە لەئەنجامی شهری ئۆکراین درووست بووە، دەکەونە دۆخێکی نەخوازراوەوە”.
لەڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی “ئۆکسفام”ی بەریتانیدا هاتووە، “بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخەکانی خۆراک وادەکەن نزیکەی ٢٦٣ملیۆن کەسی تر لەجیهاندا بچنە ڕیزی هەرە هەژارەکانی جیهانەوە، ئەو ژمارەیەش ئەوەندەی دانیشتووانی وڵاتانی بەریتانیاو فەڕەنساو ئەڵمانیاو ئیسپانیایە بەیەکەوە”.
ئەو لێکۆڵینەوە پشتی بە ڕاپۆرتێکی پێشووتری بانکی نێودەوڵەتیی بەستووە کە تێیدا پێشبینی کردووە، بەهۆی پەتای کۆڕۆناو و نایەکسانییەوە نزیکەی ١٩٨ ملیۆن کەسی تر بچنە ڕیزی هەژاریی سەختەوە.
بەڵام لەئێستادا بەهۆی جەنگی ڕوسیهو ئۆکراین و بەرزبوونەوەی بەهای مادە خۆراکییە سەرەکییەکان، ئۆکسفام پێشبینیکردووە ٦٥ ملیۆن کەسی تر بچنە ڕیزی هەژارەکانی جیهانەوە.