ئەگەرچی کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی، بەو بەرنامە و ستراتێژیە سۆسیالیستییەی کە هەیەتی، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئەرکەکانی خۆی بەرەوپێش دەبات بەڵام لە هەر قۆناغێکدا بە پێی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی وەزعیەتی سیاسیی کۆمەڵگا و باروودۆخی خەباتی چینایەتی، چەندین ئەولەوییەتی دیاریکراو دەخاتە دەستووری کاری خۆیەوە. لێرەدا ڕووبە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ناوخۆ چەند بابەتێک سەبارەت بە ئەولەوییەتەکانی چالاکی کۆمەڵە لەم قۆناغەدا دەدەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە:
لەم قۆناغەدا کە جموجۆڵی خەباتکارانە سەرتاسەری ئێرانی داگرتووە، یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی چالاکیی کۆمەڵە، هەوڵدان لەم بوارە دایە کە ڕێگە نەدەین بزووتنەوی شۆڕشگێڕانە و مافخوازانەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری وەدوابکەوێت. کۆمەڵە بەردەوام لەسەر زەروورەتی پەیوەندی و هاوپشتیی خەباتی مافخوزانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی موعەلیمان و گشت بزووتنەوە ناڕەزایەتی و ئاخێزە کۆمەڵایەتیەکان، وەک بەردەستترین و نزیکترین ڕێگای دەستڕاگەیشتنی خەڵکی کوردستان بە خواستەکانیان، تەئکیدی کردووە. لە باروودۆخی ئێستادا کە شایەدی مانگرتنی بەرینی کرێکاران، لەوانە مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە، درێژەی مانگرتنی کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، مانگرتنی کرێکارانی مەعدەنەکان، کرێکارانی شارەدارییەکان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی موعەلیمان و خانەنشینکراوانین، هەوڵدان لەپێناو بەهێزکردنی ئەم پەیوەند و هاوپشتییە لەبواری سیاسی و کردەوەییەوە گرینگتر بووە. لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستە هەستی هاوچارەنووسی لە کوردستان خۆی لە ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە بێ مافی و باروودۆخی فەلاکەتبارێک کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە، خۆی نیشان بدات. چونکە هیچ ڕێگایەکی لابڕی دیکە بۆ پاشەکشەپێکردن بە کۆماری ئیسلامی لە دەستدرێژیی بۆسەر ژیان و گوزەران و ئەمنییەتی خەڵک بوونی نییە.
هەروەها هاوکات بوونی ناڕەزایەتیی خەڵک لە کورستان لەگەڵ مانگرتنی کرێکارن و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران لەپێناو بەهێزکردنی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بەزیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، زەروورییە. کەوابوو بەرەوپیری ئەو دەرفەتانەوە بچین کە دەخوڵقێن و بۆ پێکهێنانی دەرفەتە نوێیەکان، لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندی و هاوشتی، لە هیچ هەوڵ و چالاکییەک دەریغ نەکەین. ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا موعەلیمان و تا ڕادەیەک خانەنشینکراوان لە کوردستان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی موعەلیمان و خانەنشینکراوان بۆ پەیگیری داخوازیی هاوبەشیان، لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریدا بەشدارییان کردووە، بەڵام ئەم بەشدارییە دەتوانێ چالاکانەتر، بەرینتر و ڕێکخراوتر بێت. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە بە پێی نەخشەی وشیارانە بەرەوپیری ئەم دەرفەتانەوە بچن. چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و مرۆڤە خەباتکارەکان کە لە تۆڕێکی بەریندا پێکەوە پەیوەندییان هەیە پێویستە بۆ پەیوەست بوونی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی موعەلیمان و خانەنشینکراوان کە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت، هەوڵی خۆیان بدەن.
پێویستە ڕوودانی کارەساتی دڵتەزێنی قەتڵی نامووسی لە کوردستان ببێتە دەرفەتێک بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە یاسای کۆنەپەرستی دژەژن و توندوتژیی دەوڵەت دژبە ژنان. لە کوردستان بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی بەرینی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و چوونەسەرەوی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت لەناو لاوان، و هەروەها بەسەرەنجدان بەوەیکە هەموو حەفەتەیەک کۆڵبەرێکی زەحمەتکێش لە مەسیری هەڵگرتنی کۆڵەبارەکەیاندا بە تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیم دەکوژرێن یان بریندار دەبن، بەستێنی بابەتی بۆ وەرێخستنی بزووتنەوەی بێکاران دژبە بێکاری و دژبە جەنایاتی ڕژیم دەرحەق بە کۆڵبەران، بوونی هەیە. چالاکیی نەخشەمەند، ئەو ئەرکە دەخاتە بەردەم هەموو هەڵسووڕوانی کۆمەڵە و حیزب و گشت کۆمۆنیستە سەربەخۆکان، کە لەپێناو وەڕێخستنی بزووتنەوە لەدژی بێکاری و کوشتنی کۆڵبەران دەست لەناو دەستی یەک بخەن.
دووهەمین ئەولەوییەت کە پێویستە تەئکیدی لەسەر بکرێت، هەوڵی ڕێکخراوە لەپێناو ئەوەیکە بەدیل و ئالتێرناتیڤی دەسەڵاتداریەتیی شۆاریی لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا ببێتە وتارێکی بەهێز. بەسەرەنجدان بەوەیکە کۆمەڵگای ئێران بەرەبەرە لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، واتە قۆناغێک کە بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسی بەرەوڕووی کۆمەڵگا ئاواڵە دەکات، مەسەلەی پێکهێنانی ئالتێرناتیڤ و بەدیلی دەسەڵات لەبواری سیاسییەوە یەکجار گرینگە. پێویستە لە بەرامبەر نەخشەڕێگای هێز و حیزبە ناسیۆنالیستەکان کە بۆ حکوومەتی داهاتوو لە کوردستان و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان خۆیان و لە سەرووی خەڵکەوە و بۆ سیستمێکی پارلەمانی هەوڵ دەدەن، ئالتێرناتیڤی بەڕێوەبردنی شۆرایی کۆمەڵگا کە بەشێک لە ئەزموونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خودی جەماوەر بووە، بکرێتە وتارێکی بەهێز لە کۆمەڵگای کوردستاندا. پێویستە بیری ڕێکخراو و دەسەڵاتدارییەتی شۆرایی ببردرێتە ناو هەموو بنەماڵە و کۆڕ و کۆمەڵێکەوە. لە باروودۆخێکدا کە کۆمڵگا بەرەبەرە لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، پێویستە لەپێناو پێکهێنانی شۆراکان، لە هەر کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێنان، لە هەر گەرەک و گوندێک، بەستێن سازی بکرێت. بە بێ بوونی بەدیلی شۆرایی بە وتارێکی بەهێز، کە یەکێک لە ڕەمزەکانی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە، ئەم نیگەرانییە لەئارادایە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بۆ جارێکی دیکە بخرێنە پەراوێزەوە و پاش پتر لە چل ساڵ خەبات ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵنەکەوێ کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە دەەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵدا دەورونەخش بنوێنن. ئەزموونی کوردستانی عێراق نموونەیەکی بەرچاوە کە نیشانی دەدات دەسەڵاتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە ڕیگەی پەرلەمان و وەزارەتخانەکانەوە نە تەنیا هیچ ڕێگایەک بۆ دەخاڵەتی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ناهێڵێتەوە، بەڵکوو پەرلەمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دوور هێشتنەوەی خەڵک لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامرازەکانی ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. بۆچی دەبێ ڕێگە بدەین ئەم ئەزموونە شکست خواردوویە لە کورستانی ئێرانیش دووپات بێتەوە.
بۆ بەرەوپیرچوونی ئەو دەرفەتانەی کە دەخوڵقێن و بۆ پێکهێنانی دەرفەتە نوێیەکان و بۆ بوونی دەسەڵاتی شۆرایی بە وتارێکی بەهێز لە کۆمەڵگای کوردستان، ئەولەوییەتێکی دیکەی چالاکی کۆمەڵە لەبوار کردەوەییەوە گرینگە. پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە هەموو توانا و زەرفیەتی هێزە چەپەکانی کۆمەڵگا بخرێنە گەڕ. پێویستە بەرەی چەپی کۆمەڵگا وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی سەروسامان بدرێت. ئەگەر لەسەر ئەو باوەڕەین کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو و خاوەن حیزبە، ئەم زەرفیەتە پێویستە لە هەوڵی ڕێکخراوی هەموو چالاکانی هێزی چەپ و کۆمۆنیست، بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی لە کورستان لەپێناو وەدیهاتنی دەسەڵاتدارییەتی جەماوەری و دەورونەخش نواندنی ڕاستەوخۆی ئەوان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا خۆی نیشان بدات. بۆ گۆڕینی ئالتێرناتیڤی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان و چارەسەری ڕادیکاڵی گیروگرفتە کۆمەڵایەتیەکان بە وتارێکی بەهێز، پێویستە هەموو هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ڕێکخراوەیی، دەست لەناو دەست یەک بخەن. لە دەوری ئەم چالاکییانە و لە خەبات بۆ درووستکردنی ئەم دەرفەتانە، جەمسەری چەپ و کۆمۆنیستی کۆمەڵگا دەتوانێ بە شێوەیەکی بابەتی پێکبێت و خۆی ڕێکبخات و کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان دابنێت.
ئەولەوییەتێکی دیکەی چالاکیی کۆمەڵە، پەرەپێدانی ڕێکخراوی حیزبی لەناو کرێکاران دایە. لەڕاستیدا پانی و بەرینایی تەشکیلاتیی کۆمەڵە لەگەڵ ڕادەی کاریگەریی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی کۆمەڵە ناگونجێت. کۆمەڵە پێویستە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی هەرچی زیاتر نفووزی سیاسی و مەعنەویی خۆی لە ناو کرێکاراندا پەرەپێبدات. وەک چالاکییەکی ڕووتین پێویستە لە جەرگەی بەشداری لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بە کاری تەرویجیی سۆسیالیستی، بەکاری بە حەوسەلە و بەرد لەسەر بەرد دانان، تۆڕی ڕێکخراوەیی و حیزبیی کۆمەڵە لەناو کرێکاراندا پەرەیپێبدرێت. کاری تەرویجی و خشت لەسەر خشت دانان و پێکهێنانی حەوزەی سووری کۆمۆنیستی لەناو کرێکاران بوارێکی ڕووتینی چالاکیی سۆسیالیستییە و نابێ لە هیچ باروودۆخێکدا لە ئەنجامادانی کۆتایی بکرێت. بەڵام لە باروودۆخی سیاسیی ئێستای ئێراندا یەکێک لە ڕێگا و مێکانیسمە کاریگەرەکانی پەرەپێدان بە ڕێکخراوی حیزبی، وڵامدانەوەی گونجاو بە پێداویستیی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە. حیزبێک کە سیاسەت و تاکتیکەکانی لەگەڵ خەبات و ئاواتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تێکەڵ بێت، حێزبێک کە لەو دەرفەتانەی کە دەخوڵقێن لەپێناو بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا کەڵک وەربگرێت، حیزبێک کە بەرەوپێیری خوڵقاندنی دەرفەتە نوێیەکانەوە بچێت، بێگومان بەستێن و کەشوهەوای سیاسی و مەعنەویی گونجاو بۆ پەرەسەندنی خێرای تەشکیلاتی حیزبی لەناو کرێکاراندا دابین دەکات. هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە کە خۆیان لە درێژەی سوننەتی ڕێکخراوی کۆچی مەریوان، بەڕێوەبردنی بنکەی گەڕەکەکان لە شاری سنە و ڕێکخستنی مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستان دەبینن، لە باروودۆخی ئێستاشدا ڕێگای پێشڕەویی خۆیان دەبیینەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەولەوییەتانە و بەشداری لە گشت بوارەکانی خەباتی چینایەتیە کە دەتوانین لە خەباتی ئازادیخوازانە و دیمۆکراتیک و لە خەبات بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوایەتیدا دەورونەخشی ئەساسی بنوێنین. لەو جێگەوە کە باری سەرەکیی ستەمی نەتەوەیی لەسەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژار کە زۆربەی دانیشتووانی ئەم کۆمەڵگایە پێکدێنن قۆرسایی دەکات، خەبات بۆ لەناوبردنی ستەمی نەتەوایەتی پتر لە ڕابردوو بەخەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانەوە گرێی خواردووە. کرێکاران و و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملکراوی کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵای دەسەڵاتی شۆرایی و زەمانەت کردنی دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دایە کە دەتوانن بەکردەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.