فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

با بە هەموو هێزەوە لە بانگهێشتی کۆبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایان پشتیوانی بکەین!
چوارشەممە ۲۱-۰۲-۱۴۰۱   |  11-05-2022

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشتێک لە ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی گوڵاندا ڕایگەیاند  کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵاندا دووبارە دێنەوە سەر شەقامەکان. ئەوان لە بانگهێشتەکەیاندا بە ئامادەکردنی لیستێک لە داخوازییەکانیان کە هەروا بێ وڵام ماونەتەوە، نووسییان: “دەمێک ساڵە پەروەردەی بێبەرامبەر و گوزەرانی عادڵانەی مامۆستایان بوونەتە بارمتەی ئەو پیلان و بڕیارانەی کە دەستکەوێتێکیان بێجگەلە هەڵاواردن، بێعەداڵەتی، هەژاری، پەروەردەی ناکارامە، بارهێنانی سست و بەرهەمهێنانی خەمۆکی و بێسەرەوبەرەیی، نەبووە”. ئەوان ڕوو بە مامۆستایان و خەڵک، وێڕای ئاماژە بە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم نووسییان: “لە حەوتوویەک کە لە ڕۆژژمێری نەتەوەییماندا بەناوی مامۆستاوە ڕازاوەتەوە، دەسەڵات، لە سەرانسەری ئێران بە بانگکردن و پەروەندەسازی دژبە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، نیشانی دا کە گرینگیی پێگەی مامۆستا کە ساڵەهایە باسی لێ دەکات، لە  فریوێک زیاتر نەبووە. لە بەیانیی ڕۆژی ١٠ی گوڵانەوە، دەست و پێوەندەکانی دەسەڵات بە هێرشی هاوشێوەی سەدەکانی ناوەڕاست بۆسەر ماڵی چوار کەس لە خزمەتگوزارانی شەریف و سادقی کۆمەڵگەی مامۆستایان، واتە ڕەسووڵ بۆداقی، محەممەد حەبیبی، جەعفەر ئیبراهیمی  و عەلی ئەکبەر باغانی، ئەوانیان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤینیان کردن. پڕۆژەی سەرکوتی چالاکان، لێرەدا کۆتایی نەهات و بەیانیی ڕۆژی ١٠ی گوڵان، لە حەرەکەتێکی  بەقسەی خۆیان بەریندا، لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران هەڕەشەیان لە مامۆستایان کرد و یانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانیان کردن  و یاخود دەسبەسەریان کردن. ئەم بانگکردن و هەڕەشانە بەگشتی بەئامانجی گوشار خستنە سەر چالاکانی مامۆستایان و ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ١١ی گوڵان بوو.  هەروەها بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی گوڵان، هەم بەرلە کۆبوونەوەکان و هەم دوای کۆبوونەوەکان، ژمارەیەکی زۆریان لە چالاکانی مامۆستایان دەستبەسەر کرد کە ژمارەیەکیان لەوانە ئەسکەندەر لۆتفی، مەسعوود نیکخاه، موحسێن عۆمرانی، مەحموود مەلاکی، ئەسغەر حاجب، ڕەزا ئەمانی فەر و هادی سادق زادە هێشتا لە زینداندا بەسەر دەبەن”.

بێگومان بزووتنەوەی مامۆستایان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە بزووتنەوە بەهێزەکانی دادخوازی لە ئاستی کۆمەڵگەدا. ئەوان بە پێکهێنانی ڕێکخراوی سەرتاسەری نەتەنیا بە هێزێکی زیاترەوە دەرکەوتوون بەڵکوو نیشانیشیان داوە کە سەرەڕای هەموو سەرکوتگەری و ڕەشبگیرییەکانی ڕژیم دەتوانن بە عەزم و ئیرادەی یەکگرتووانەوە وڵامێکی گونجاو بە یەکێک لە سەرەکیترین کەموکۆڕییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران واتە ڕێکخراوی جەماوەریی سەرتاسەری بدەنەوە و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەوان ببنە فاکتۆرێکی سەرەکی لە سیمای ناڕەزایەتی و مانگرتنی کۆمەڵگەدا.  ئەوان چەندین حەوتوو و مانگە کە لە کۆبوونەوە سەرتاسەرییەکانیاندا داخوازییەکانیان هاوار دەکەن. ئەم داخوازییانە زۆربەیان داخوازیی هاوبەشی هەموو بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێرانن. لەبیرمانە کە لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ و ١١ی مانگی ڕێبەنداندا دەیان هەزار مامۆستا لە زیاتر لە ٢٠٠ شار و ناوچە دەستیان دایە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. ئەوان هەروەک کۆبوونەوەی مانگەکانی ڕابردووی خۆیان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن، کۆتایی هێنان بە بێعەداڵەتی، بردنەسەرەوەی ئاستی مووچە، ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو، پەروەردەی بێبەرامبەری خوێندکاران، دژایەتی لەگەڵ ڕەوتی خسووسی کردنی فێرکاری، هاوسانسازیی خانەنشینکراوان بەپێی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوازیی وڵات و بەکردەوە  دەرهێنانی ڕیزبەندیی پیشەکان بوون.

وڵامی ڕژیم بەڵام لەلایەکەوە سەرکوت و لەلایەکی دیکەشەوە پەسەندکردنی گەڵاڵەیەک لەناو مەجلیسی ڕژیمدا بوو کە مامۆستایان بە درووست لەجیات “ڕیزبەندنی” ناوی “خەدعەبەندی” واتە فریوکارییان لەسەر دانا. ئەمجارەشیان ڕژیم لە ڕۆژانی نزیکەو ئەوەڵی مانگی مەی و هەروەها لە خودی ئەوەڵی مەیدا بەربڵاوترین هێرشی کردە سەر هەڵسووڕاوانی کرێکاری و مامۆستایان. ئەم بابەتە بەر لە هەموو شتێک نیشانەی ترسی ڕژیم بوو. بۆ ئەوەڵی مانگی مەی دەیان بانگهێشت و بڕیارنامە لەلایەن ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، فەرهەنگیان، مامۆستایان و ژنانەوە دەرکران. ئەم بانگهێشتانە لەسەر بەستێنی نزیکەی سێ هەزار ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرانەوە. تەنانەت مامۆستایان بە وەپێش خستنی ڕۆژی مامۆستا لە دوازدەی گوڵانەوە بۆ یازدەی گوڵان هەنگاوێکی گرینگ و جێگای ستایشیان بۆ حزووری هاوبەشی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینکراوان هەڵگرت. بێگومان هەمووی ئەوانە پەیامگەلێک بوون کە ڕژیمیان تۆقاندبوو. بانگهێشتەکان تەنیا بە داخوازیی ئابوورییەوە سنوودار نەبوون و لە زۆر حاڵەتدا داخوازیی سیاسیش بانگەواز دەکرا و ئەوەش بە مانای ڕاگەیاندنی نەبەرد و خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بوو دژبە ڕژیمی سەرمایەداری مەزهەبی.  وڵامی ڕژیم بەم بانگەواز و عەزم و ئیرادەیەی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی ڕەزمی جیهانیی خۆی، پەرەپێدانی سەرکوت بوو. نەتەنیا لە ڕۆژانی پێشتریەوە دەیان کەس لە چالاکانی کرێکاری و مامۆستایان دەستبەسەرکران، بەڵکوو سەدان کەس لە چالاکان بانگ کران و هەڕەشەیان لێکرا. ئەوپەڕی ئەم وەحشیگەرییە، لە هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆسەر کۆبوونەوەی ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی بەدی دەکرا. تاران، دەوروبەری مەیدانی بەهارستان حاڵەتی حکوومەتی نیزامیی بەخۆی گرتبوو. و ئەوەش خۆی نیشانی دەدا کە ڕژیم چەندە لە هاوپشتی و یەکگرتوویی و ئیرادەی کرێکاران دەترسێت. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەمە یەکەمین جار بوو کە مامۆستایان، خانەنشینکراوان، کرێکارانی بێکار و لەسەرکار، خوێندکاران و بنەماڵەکانیان، شان بە شانی یەکتر ڕێپێوانیان دەکرد. ئیسماعیل عەبدی لە زیندانەوە پەیامی پیرۆزبایی ئەوەڵی مانگی مەی نارد و ڕایگەیاند کە لە ناڕەزایەتی بە شەپۆلی دەستبەسەرکردن، مانگرتن لە خواردنی دەستپێکردووە.

دەستگیرییەکانی ئەوەڵی مانگی مەی لە ئێران، شەپۆلێکی لە هاوپشتیی جیهانیی بەتایبەت لەلایەن یەکیەتییەکانی مامۆستایان بەمەبەستی پشتیوانی کردن لە مامۆستایانی ئێرانی لێ کەوتەوە. ئەوان لە پەیامی پشتیوانییاندا وێڕای ئیدانەکردنی وەحشیگەرییەکانی ڕژیم خوازیاری ئازادیی دەستبەسەرکراوان بوون. لەوانە پێنج سەندیکای فەڕانسە لە پەیامێکدا نووسییان: “ئێمە دەرکردنی ناعادڵانە، زیندان و گوشاری قەزایی دژبە کەسانێک کە لە مافی سەرەکیی خۆیان دیفاع دەکەن و خوازیاری ئازادیی سەندیکان، مەحکووم دەکەین. ئێمە بۆ ئازادیی بێشەرت و مەرجی هەموو سەندیکالیستە بەندکراوەکان هەوڵ دەدەین و لەپێناو کۆتایی هێنان بەم باروودۆخە قەبووڵ نەکراوە، هەرچی زیاتر سەرکوتگەرییەکان لەقاو دەدەین. بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی، ئێمە بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی بێدەریغی خۆمان لە ئێوە و لەو نەبەردە سەختەی کە بۆ ئازادیی هەموو ژنان و پیاوان، بۆ کەرامەتی ژنان و پیاوانی زەحمەتکێش، بۆ دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ بەرێوەی دەبەن، ڕادەگەیەنین”.

مامۆستایان بە تەئکید لەسەر خواستی ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو، بە خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی مووچەکان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی ڕێگریی لە خسووسی سازی و کاڵایی کردنی پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و بەشی بەرینی جەماروەری بێبەش و خوارەوەی کۆمەڵگەیان گەڵاڵە کردووە. ئەگەر مامۆستایان لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵدا دەست لەناو دەستی بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار و خانەنشینکراوان دەنیگیان هەڵبڕی و خواستەکانیان هاوار کرد، ڕیشەی لەم واقعییاتە دایە. با بە هەموو هێزەوە لە خواست و کۆبوونەوەی مامۆستایان لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵان پشتیوانی بکەین.