فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بارودۆخی نالەباری زیندانیەکی سیاسی لە زیندانی ئێڤین
چوارشەممە ۱۸-۱۱-۱۴۰۲   |  07-02-2024

بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شاری بانە کە ماوەی ٤٨٧٢ ڕۆژە لە زیندانە، سەرەڕای تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دژوار، تا ئێستاش لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە مافی چارەسەری پزیشکی و دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری و بێبەش کراوە.
موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە لە زیندانی ئێڤین، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی چەند نەخۆشییەک وەک “فتقی دیافراگم”، “تەسکبوونەوەی لوولەی بڕبڕەی پشت” و ….هیتر بووە و لە مافی چارەسەری پزیشکی و دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەری و بێبەش بووە.
بەهۆی چارەسەر نەکردنی نەخۆشییەکانی بووەتە هۆکاری پەرەگرتنی زیاتری نەخۆشی و ئازارەکانی و هەروەها کاریگەرییە نەرێنی و زیانەکانی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە. ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای چوار بەندکراوی سیاسی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا.
شایانی باسە کە پێشتر پارێزەری موتەلیب ئەحمەدیان ئاماژەی بە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کردووە و داوای ڕاگرتنی درێژەی ماوەی سزای بەندکرانەکەی ناوبراوی کردووە، کە دواجار بەهۆی دەستتێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە بڕیاردانی کۆمیسیۆنی پزیشکی، ئەو داوایە ڕەت کراوەتەوە.
موتەلیب ئەحمەدیان پاش ٢٣٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی کە هاوکات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە، بە تۆمەتی “موحاڕبە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردوستان” سزای ٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
لە دوو دۆسیەی دیکەدا بە تۆمەتی “بەزاندنی نایاساییی سنوورەکانی ئێران” سزای بڕی ١ ملیۆن ڕیاڵ پێ بژاردن و ساڵێک بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی “هاودەستبوون لە کوشتن” سزای ٩ ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی نیوەی تەواوی خوێنبایی (دیە) و بڕی ٢٠ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپاوە.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳۸۹ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندی چواری زیندانی ئێڤین لە بارودۆخێکی نالەباری جەستەیی و دەروونیی زۆر دژاوردا سزای ٣٠ ساڵەی بەندکردنەکەی تێپەڕ دەکات.