فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بارگرانیی قەیرانی وزە لەسەر شانی بنەماڵە کرێکارییەکان لە سەرمای زستاندا
شەممە ۱۹-۰۸-۱۴۰۳   |  09-11-2024

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و سەرمادا، جەماوەری کەم داهات لە ئێران ئەمجارە دەبێ لەگەڵ کەمبوون و گرانیی گاز و سووتەمەنییەکانی دیکە دەست و پەنجە نەرم بکەن. کارناسانی سووتەمەنی و وزە ساڵەهایە بەر لە هاتنی هاوین لەئاست قەیران و کەمبوونی ئاو و بەرق هۆشدار بە دەوڵەت دەدەن و بەر لە هاتنی وەرزی سەرما و زستانیش سەبارەت بە قەیرانی سووتەمەنی تەزەکور بە دەوڵەت دەدەن، بەڵام حکوومەتی ئیسلامی بایەخی پێ نادات. بەهۆی کەڵەکەبوونی ساڵ لەدوای ساڵی کەمی وزە و کۆنبوونی زۆربەی ئامێر و ژێرخانەکانی گاز و سووتەمەنییەکانی دیکە، پێشبینی دەکرێت ئەم زستانە کرێکاران و توێژە هەژارەکانی تری کۆمەڵگا ڕووبەڕووی کەمی و گرانیی زیاتری سووتەمەنی و بەنزین ببنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کارناسان، ئەگەر ناهاوسەنگی گازی ساڵی ڕابردوو ٣٠٠ ملیۆن مەتری سێجا بووبێت، ئەمساڵ دەگاتە ٣٥٠ ملیۆن مەتری سێجا. لە بواری بەرقیشدا بەهەمان شێوە، هاوینی ڕابردوو کە ناهاوسەنگی بەرق ٢٠ هەزار مێگاوات بوو، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا بگاتە ٢٥ هەزار مێگاوات.

ئارەش نەجەفی سەرۆکی کۆمیسیۆنی وزەی ژووری بازرگانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی مانگی خەزەڵوەر دانی بەوەدا نا کە چەندین ساڵە لە ئەنجامی پێداگریی بەرپرسانی حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی هەڵە لە بواری وزەدا، ئەم زستانە هەم بەرق و هەم گازمان دەبڕێت. هەربۆیە خاوەنانی بەشی سەنعەتیش هەروەک بەشی سوننەتیی کەشاوەرزی دەبێ ئومێدوار بن کە لە زستاندا هەوا زۆر سارد نەبێت تا لەگەڵ کێشەی گاز بەرەوڕوو نەبنەوە”. لەم پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەریش “وەزارەتی نیروو” بەڕەسمی ڕایگەیاند کە تەنیا بۆ هەشت مانگ لە ساڵ توانای دابینکردنی بەرقی ئەو بەشەی هەیە. بەلەبەرچاوگرتنی کۆنبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی بەرق و وزە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکرێت لە زستانی ئەمساڵدا خامۆشی و قەتعبوونی بەرق، هاوکات لەگەڵ قەتعبوونی گاز درێژەی بێت.

موحسین پاکنەژاد وەزیری نەوتی کابینەی پزیشکیان هاوشێوەی پێشینیانی لە دەوڵەتەکانی پێشوو، سەرچاوەی قەیرانی ڕژیمی لە بواری کەمبوونی نەوت و گاز و بەرق لە ئێران نەک ئیفلاسی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، نەک گەندەڵی و دزی و کەمتەرخەمی و بێ کەفایەتیی بەرپرسان و کارگێڕانی ڕژیم بەڵکوو خودی خەڵک پێناسە کرد. ئەم کارگێڕەی ڕژیم ئەنگوستی تۆمەتی بەرەو خەڵک ڕاکێشا و وتی: ”لە کاتی “باڵاترین ئاستی بەکارهێنانی گاز” لە زستاندا ٢٥٠ ملیۆن مەتری سێجا ناهاوسەنگیی گاز پێکدێت”. ئیبڕاهیم ڕەئیسیش بەر لە مردنی، قەیرانی وزەی ڕژیمی بەوە پاساو کرد کە خەڵک یەکجار زۆری بەکاردێنێ. ئەوەش لە کاتکێدایە کە بەکارهێنانی سووتەمەنی لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە زۆر لە مامناوەندی بەکارهێنانی ئاسایی خەڵک لە شوێنەکانی تری جیهان کەمترە. بەڵام لە ئێران هۆکاری زۆر بەکارهێنان و بەفیڕۆچوونی وزە و سووتەمەنی لە شوێنێکی تر دایە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرکاهێنانی خەڵکی ئێرانەوە نییە. بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوت ٥٤%ی گازی بەرهەمهاتوو لە ئێران لەلایەن شیرکەتە خسووسییەکانەوە بە نرخی ڕانتی مەسرەف دەکرێت. سەرهەڵدانی قەیرانی نەوت و وزە لە کۆماری ئیسلامیدا کە لەسەر دەریایەک لە سەرچاوەی نەوت و گازە، نیشانەی ئەوپەڕی ئیفلاسی ئابووری و ناکارامەیی حکوومەتی ئیسلامییە.

لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری دامەزراوە و ژێرخانەکانی نەوت و گاز و بەرق لە ئێران کۆنە و پرتووکاو و لەکارکەوتوون، کۆماری ئیسلامی بەخاتری هەزینەی بەرینی نیزامی و ئەمنیەتی و بەخاتری کۆمەکی بێدەریغی دارایی بە گرووپ و ڕەوتە تیرۆریستەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت”، وە بەهۆکاری دزی و ئیختلاسە گەورەکان، بوودجەیەک بۆ نوێکردنەوە و بەڕۆژکردنەوەی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و وزە تەرخان ناکات. چونکە ئەولەوییەتی ڕژیمی ئیسلامی لە بوودجەبەندی و وەبەرهێناندا، نەک دابینکردنی وزە و سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەڵکوو پەرەپێدانی تەبلیغاتی خورافی و درۆن و مۆشەک و ئامرازەکانی شەڕە. بۆ نموونە لە لایەحەی بوودجەی ئەمساڵدا، ئیعتباراتی قەرارگای فەرهەنگی – جەهادیی “بەقیەتوڵڵا”، ٢٣٣% زیادکراوە. مەجلیسی کۆنەپەرست بە پەسندکردنی تێبینییەکی ئەم لایەحەیە، دەوڵەتی ئەرکدار کردووە کە بێجگەلە بوودجەی نیزامیی هەمیشەیی، ١٣٤ هەزار ملیارد تمەنی دیکەش بۆ بەهێزکردنی بەناو “بۆنیەی دیفاعی” لەبەرچاو بگرێت. بەمجۆرە، کۆی گشتیی بوودجەی نیزامی لەڕێگەی سەرچاوە گشتییەکان بۆ ساڵی داهاتوو پتر لە ٤٦٩ هەزار ملیارد تمەن دەبێت.

لەبواری بێ کەفایەتیی حکوومەتی ئیسلامی لە بەشی وزەدا، بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ئیسلامی، وەزعیەتی ئێران لە بواری جۆرەکانی بەرهەمێنانی بەرق لەچاو وڵاتانی دیکەی جیهان لە پلەی یەکجار نزمی ١٣١ دایە. سەرەڕای پێشکەوتن و گەشەی تێکنۆلۆژی لە سەنعەتی وزە لە جیهاندا، هێستاش زیاتر لە ٩٠%ی بەرقی ئێران لەڕێگەی سووتاندنی گاز و بەردی خەڵووز و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەوە بەرهەم دێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتانی زۆرێک لە وڵاتان هەموو جۆرە سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاردەهێنن. هەندێک لە حکوومەتەکان بە وەبەرهێنانی پێویست لە کەرتی ژێرخانی وزە، زیاتر لە ٣٥%ی پێداویستییەکانی بەرق لە سەرچاوەکانی وەک خۆر و ئاو و با بەرهەم دەهێنن و دابین دەکەن؛ بە دابەشکردنی پانێڵی خۆر بە نرخێکی گونجاو، زۆرێک لە خێزانەکان دەتوانن بەشێک لە کارەبای خۆیانی لێ وەربگرن. بەڵام سەرەڕای زۆربوونی سەرچاوەکانی خۆر و با لە ئێران، کۆماری ئیسلامی تەنها کەمتر لە ١%ی سەرچاوە سرووشییەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرق بەکاردەهێنێت. بەم هۆکارەیە کە ڕژیم لە جیاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتان، نەوت و بەرهەمەکانی لە وڵاتانی ترەوە هاوردەی ئێران دەکات.

بەڵام ئاکامی قەیرانی وزەی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی وەبەرهێنان، دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆریی ڕێبەران و کارگێڕانی ڕژیم لە بەشی نەوت و گاز، چ لە هاوین و چ لە زستاندا بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگادا دەشکێتەوە. ئەوە کرێکارانی مەعدەنی زوغاڵی سەنگن کە بەهۆی کەمتەرخەمی و سەرمایەگوزاری نەکردنی ڕژیم و خاوەنانی سەرمایە لە بەشی ئیمەنیی مەعدەنەکان، دەبنە قوربانی. ئەوە هاوچینەکانیانە کە لە گەرمای سەرووی ٥٠ پلەدا بە بێ ئامێری فینکردنەوەی شوێنی کار، دەبێ کار بۆ سەرمایەداران بکەن و ئارەق بڕێژن. وە ئەوە بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانن کە ڕەنج و مەترسیی بێ بەرقی لە هاوین و سەرمای زستان بەخاتری گرانبوونی سووتەمەنی تەحەمول دەکەن.