فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بانگکرانی مەتین حەسەنی لە لایەن دادسەرای گشتی شاری بۆکان
هەینی ۲۹-۰۴-۱۴۰۳   |  19-07-2024

مەتین حەسەنی لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی بەندکرانەکەی، لە لایەن لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان بانگ کراوە.
مەتین حەسەنی بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە بەدەستی گەیشتووە دەبێ لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان ئامادە بێت. ناوبراو لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە ٣١ مانگ بەندکران حوکم دراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گۆڵانی ئەمساڵ کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەتین حەسەنی لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری بۆکان بەڕێوەچوو. لە ڕەوتی ئەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی پارێزەری ناوبراو بەڕێوە چوو، مەتین حەسەنی سەبارەت بە تۆمەتەکانی وەک “هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتنی یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات” و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بەرگریی لە خۆی کردووە. ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، مەتین حەسەنی، لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە بۆکان بە توندوتیژییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا. ناوبراو دواتر بۆ زیندانی ناوەندی بۆکان ڕاگوێزرا و ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندان ئازاد کرابوو.