ڕۆژی هەینی ٢٥ی مانگی خەرمانان، بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی کەسرای تاران، هەواڵی مەرگی مەهسای ٢٢ ساڵ تەمەنی بڵاوکردەوە. مەهسا ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانان لەلایەن “گەشتی ئیرشاد”ی تاران لە مێترۆی “حەقانی” لە حاڵێکدا دەستبەسەرکرا کە لەگەڵ دایک و براکەی بۆ تاران سەفەری کردبوو. بەڵام دوای دوو کاتژمێر لە حاڵەتی کۆمادا دۆزییانەوە. مەهسا بەدەستی هێزی سەرکوتگەری ڕێژیمی جەهل و خورافەی ئیسلامی بە لێدانی زەربەی باتۆم و شۆکی ئێلێکتریکی لەسەری، تووشی جەڵتەی مێشک بوو و گیانی لەدەست دا. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ماوەیەکی زۆر بەسەر مەرگی شلێر ڕەسووڵی لە مەریوان تێنەپەڕیوە.
مەهسا ئەمینی، هێمای هەموو ئەو کچانە بوو کە لە نەوبەهاری ژیانیاندا بەدەستی لات و چەقۆکێشەکانی حکوومەتی ئیسلامی پەڕپەڕ دەبن. مەهسا ئەمینی نە یەکەمین قوربانیی سیاسەت و یاسای دژەژنی کۆماری ئیسلامییە و نە دوایین قوربانی. پێویستە دهستی نیزامی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی له ژنان ببڕدرێت. نابێ ڕێگە بدرێت ئەم جەنایەتانە دووپات ببنەوە. ئەم ڕێژیمە پێویستە دەمکوت بکرێت. خەڵکی وەگیان هاتوو، بەم وەحشیگەری و سەرکوتگەرییانەی ڕێژیم چاوترسێن نەبوون و ناشبن. ئەم جەنایەتەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شەپۆلی ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی تاران و شارەکانی کوردستان بەرەوڕوو بووەتەوە و نەفرەت و تووڕەیی خەڵکی سەرانسەری ئێرانی لێ کەوتووەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاودەنگ و هاوڕێ لەگەڵ هەموو ڕەنجدیتووان و بێبەشانی کۆمەڵگەی ئێران، جەنایاتی ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز دەکات کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت ناڕەزایەتیی بەرین و یەکگرتووانە دژبە ئاپارتایدی ڕەگەزیی ڕێژیم بەڕێوەبەرن.
بڕووخێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم!
٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت