هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ هیچ پاساوێک دوو لاویان تەنیا لەبەر ئەوەی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مۆسیقایەک سەمایان کردبوو، لە پارکی شەرقی نزیک لە تاقوەسانی شاری کرماشان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەسەختی برینداریان کردوون. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئارمان بەسیری و محەممەد ئەحمەدیانی، دوو لاوی خەڵکی کرماشان لە کاتی شادی و سەماکردن بەبۆنەی جەژنی نەورۆز لە مەودای چەند مەترییەوە کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو لاوە سەرەتا بە یەک گوللە پێکراون و کەوتوون و دواتر، هێزە ئەمنییەکان لە مەودایەکی زۆر نزیکترەوە بە هەشت گوللە تەقەیان لە لاقی ئارمان بەسیری کردووە.
ئەو دوو لاوە ئێستا لە نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان خەوێندراون و لەژێر چاودێری چڕی ئیدارەی ئیتلاعاتدان.
ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی ئەو لاوانە کردووە کە لە ئەگەری میدیایی کردنەوەی ڕووداوی تەقەی هێزە حکومەتییەکان لە منداڵەکانیان، لەگەڵ شوێنکەوتن، لێپرسینەوە و دەستبەسەرکران ڕووبەڕوو دەکرێنەوە.