لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سیروان شەریفی خەڵکی بانە و کەیهان فاتیحی خەڵکی پاوە لە کاتی کۆڵبەری کردن لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندان، سیروان شەریفی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی بانە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوو.
هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، کەیهان فاتیحی خەڵکی گوندی “ئاریت” لە بەشی باینگانی سەر بە شاری پاوە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بەسەختی بریندار بوو.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کۆڵبەرە کە لە مەودای ٦ مەترییەوە زیاتر لە ٤٠٠ پارچە ساچمەی بەرکەوتووە، بەهۆی زۆربوونی تێچووی دەرمان و لەحاڵێکدا کە برینەکانی تووشی هەوکردن بوون ناچار بە جێهێشتنی نەخۆشخانە بووە.