ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١۵ی جۆزەردان دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی عەلی حوسێنی، تەمەن ١٧ ساڵ و سۆران دانشی تەمەن ٢٠ ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی گوندی “بلەبزان”ی سەر بە شاری پاوە بوون و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی کاوان حوسێنی، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی گوندی “دەشە” و شوان تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “ساتیاری» ی سەر بە شاری پاوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرزایییەکانی سنووریی شاری نەوسوود بریندار بوون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری نەوسوود، عەلی حوسێنی لاقی بریندار بووە، سۆران دانشی کوڵۆکی سمتی (لگن) بریندار بووە، کاوان حوسێنی پشت و کەمەری بریندار بووە و هەروەها شوان دەستی بەسەختی بریندار بووە. دوای برینداربوونی ئەو چوار کۆڵبەرەی خەڵکی شاری پاوە، بە مەبەستی دەرمانکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.