ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەمە و پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز، هێزەکانی ڕژیم لە شارەکانی سەقز، مەهاباد و بوڵواناوای لەیلاخ، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە و چەندین کەس بریندار بوون.
لە شارەدێی بوڵواناوای ناوچەی لەیلاخی سەر بە شاری سنە، خەڵکی ئەو شارەدێیە پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز و دروشمدان دژی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕژانە سەر شەقام و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بەو هۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە شاری سەقز و لە گەڕەکی کەریمئاوا، پاش ئەوەیکە خەڵک ئاگری نەورۆزی کردەوە و ڕژانەوە سەر شەقامەکان، هێزەکانی ڕژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و چەندین کەسیان بریندار کرد.
لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە شاری مەهاباد و چوارڕێیانی ئازادی، خەڵکی مەهاباد پاش کردنەوەی ئاگری نەورۆز بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و هێزەکانی ڕژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد کە لە ئاکامدا چەندین کەس بریندار بوون.