بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی “شۆڕش و یادگار” بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە ۳۰ی ڕێبەندان، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی شۆڕش و یادگار، لە سنوورەکانی نەوسوود کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم و بە سەختی برینداربوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە. هەروەها لە هەمان شەودا، ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆڵبەران لە نزیک گوندی “شوانکارە” سەر بە شاری ڕوانسەر تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو کە بەهۆیەوە سامان یەعقووبی، خەڵکی گوندی “سەرخبان” سەر بە شاری جوانڕۆ گیانی لەدەست دا و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی “کەسرا حسێنی” خەڵکی گوندی “بیوەند” سەر بە شاری جوانڕۆ و “پژمان محەممەدی” خەڵکی گوندی “زیران” سەر بە شاری جوانرۆ، بە سەختی برینداربوون. شایانی باسە، دۆخی تەندروستی ئەم دوو کۆڵبەرە لە ئێستادا ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی “ڕەسووڵی ئەکەرەم” لە شاری جوانڕۆ خەوێندراون. هەروەها لەم ڕووداوەدا دوو کۆڵبەری دیکە کە ناوەکانیان نەزانراوە تووشی شکانی سەر، دەست و پێ بوون و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.